ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا یاسای رێگەپێدانی بەرگری نیشتمانی بۆ ساڵی دارایی 2026 بە دەنگی 231 بەرامبەر 196 پەسەند کرد، پرۆژە یاساکە بڕگەیەکی سەرەکی لەخۆدەگرێت کە پەیوەندییان بە درێژکردنەوەی پشتیوانی ئەمریکا بۆ عێراق و سووریا و زیادکردنی چاودێریی چالاکیەکانی تورکیا لە ناوچەکەدا هەیە.
ئەم پڕۆژە یاسایە بەرنامەی پشتیوانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بۆ هێزە هاوبەشەکانی عێراق لە شەڕی دژی داعش درێژ دەکاتەوە و بەردەوامیشه لە دابینکردنی بودجە بۆ هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە عێراق.
لە پڕۆژە یاساکەدا بڕی ٢١٢ ملیۆن و ٥١٦ هەزار دۆلار بۆ سندووقی راهێنان و ئامێری دژە داعش بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٦ تەرخانکراوە، ئەمە جگە لەوەی ١٣٠ ملیۆن دۆلار بۆ بەرنامەکانی پاڵپشتیکردنی گروپە متمانەپێکراوەکانی سووریا لە شەڕی دژی داعش لە ناوخۆی سووریادا تەرخانکراوە، هەروەها ١٥ ملیۆن دۆلاریش بۆ لوبنان بۆ هەمان مەبەست تەرخانکراوە.
هەروەها لە پڕۆژە یاساکەدا قەرەبووکردنەوەی بەردەوامی ئەو وڵاتانە دیاریکراوە کە لەڕووی سەربازی یان لۆجستییەوە پشتیوانی ئەمریکا دەکەن لە ئۆپەراسیۆنەکانیدا لە عێراق.
پڕۆژە یاساکە بڕگەگەلێک لەخۆدەگرێت کە پێویستە وەزارەتی بەرگری و دەرەوەی ئەمریکا راپۆرتێکی ورد لەسەر چالاکییەکانی تورکیا لە سووریا و عێراق ئامادە بکەن بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی کە ئایا تورکیا بەشداری دەکات لە پاڵپشتیکردنی رێکخراوە تیرۆریستییەکان یان پێشێلکاری ئەنجام دەدات کە دەبێتە هۆی قەیرانی مرۆیی لەنێو هاوڵاتیانی مەدەنیدا.
هەروەها لە پڕۆژە یاساکەدا بڕگەیەک لەخۆدەگرێت کە دابینکردنی بودجە بۆ رێکخراوی بەدر قەدەغە دەکات. پڕۆژە یاساکە پێویستی بە رەزامەندی ئەنجومەنی پیران و دواتر پەسەندکردنی دۆناڵد ترەمپ هەیە بۆ ئەوەی بەرکار بێت.

