رۆژنامەیەكی عەرەبی ئاشكرای دەكات كە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگریی عێراق و چەندان دامەزراوەی دیكەی وڵاتەكە رووبەڕووی هێرشی ئەلیكترۆنی بوونەتەوە و هاك كراون.
دوێنێ شەممە ١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی ئاسایشی عێراق لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرای كرد كە سەنتەری نیشتمانی بۆ ئاسایشی سیبرانی بۆی روونكردوونەتەوە، سیستەمێكی سنوورداری سەر بە ژمارەیەك دامەزراوەی حكوومەتی فیدرالی هاك كراوە، بەبێ ئەوەی كاریگەریی لەسەر خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان هەبێت و هیچ حاڵەتێكی لەكاركەوتن یان راوەستانی سیستەمەكان رووی نەداوە.
لەمبارەیەوە رۆژنامەی (العربي الجديد) لە راپۆرتێكدا ئاشكرای كردووە كە ”لە چەند ساڵی رابردوودا چەندان هێرشی ئەلیكترۆنی كراوەتە سەر دەزگا ئەمنییەكانی عێراق، بەهۆیانەوە پێگەكانی وەزارەتی ناوخۆ، ئاسایشی نیشتمانی، دەستەی نەزاهە، ئاژانسی هەواڵگری، وەزارەتی تەندروستی و چەندانی دیكە هاك كراون، پاشان دەسەڵاتەكانی عێراق پێگەكانیان وەرگرتووەتەوە.
لە لایەن خۆیەوە غەسان رەبیعی، تایبەتمەند لە بواری ئاسایشی ئەلیكترۆنی بە رۆژنامەكەی گوتووە، ئەم ڕووداوانە ئاماژەن بۆ زیادبوونی هەڕەشە ئەلیكترۆنییەكان لە دژی دامەزراوەكانی دەوڵەت، هاككردنەكانیش دەیسەلمێنن كە فشەڵی هەیە لەو ڕێوشوێنانەی كە بۆ پاراستنی داتاكان گیراونەتە بەر.
ئەو شارەزایە بە پێویستی زانیوە كە نوێكردنەوەی بەردەوام لە ژێرخانی ئەلیكترۆنیی عێراقدا بكرێت و سیستەمی پارێزگاریی زیاتر بۆ ڕێگریكردن لە هەر هێرشێكی ئەلیكترۆنی پشتی پێ ببەسترێت.

