ناوەندی نەخیل، بۆ ماف و ئازادییە ڕۆژنامەوانییەكان، شكستی دەوڵەتی عێراقی لە دابینكردنی ماف و ئازادییەكان و سیستەمی دیموكراسی ڕاگەیاند.
ئەو ناوەندە ڕایگەیاندووە، لە ڕۆژی جیهانیی دیموكراتیدا، بەپێی بنەما و بەراوردكردنەكان، عێراق تاكوو ئێستا دەوڵەتێكی ستەمكار و دیكتاتۆرییە و لە ڕیزبەندی 167 دەوڵەتدا، پلەی 128ی گرتووە. لە 10 نمرەشدا، تەنیا 2.8ی هێناوە.
ئەو ناوەندە دەشڵێ: پاش دوو دەیە لە گۆڕانی ڕژێم لە عێراق، ئەم ئەنجامە شەرمەزاركەر و شكستە، بەجۆرێك كە هیچ هەنگاوێكی بەرەو سەركەوتنی دیموكراسی نەناوە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، یاسر حوسێنی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ كەناڵی (وەن نیوز) دواوە و دەڵێ: “بەداخێكی زۆرەوە، ئەوانەی لە دوو دەیەی ڕابردوودا عێراقیان بەڕێوە برد، كۆتاییان بەهەموو بنەمایەكی دیموكراسی و بەڕێوەبردنی باش هێنا، بۆیە ئەم حكوومڕانییەی عێراق، لە ئەنجامی گەندەڵی و خراپەكاری كۆتایی پێهاتووە و فاتیحای لەسەر دەخوێنین.”
بەپێی زانیارییەكانی دەزگای شەفافییەتی نێودەوڵەتی، عێراق لە 180 دەوڵەت، پلەی 140 لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی گرتووە و نەیتوانیوە بە ئەركی خۆی هەستێ.
لە ساڵی 2024، پەیمانگە نۆرماندی بۆ توێژینەوە و لێكۆڵینەوە لە پەرلەمانی ئەورووپی، ڕاپۆرتێكی لەسەر ئەو دەوڵەتانە بڵاو كردەوە كە زۆرترین هەڕەشەن لەسەر دیموكراسیی جیهانی، لەو ڕیزبەندییەدا، سویسرا بە یەكەم دەوڵەتی دیموكراتی دیاری كراوە و عێراقیش وەكوو دەوڵەتێك كە هەڕەشەیە لەسەر دیموكراسی پلەی 130ی گرتبوو.

