جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران بۆ کاروباری توێژینەوە و تەکنەلۆژیا گوتی، سعوودیە و تورکیا لە پۆلێنبەندییە زانستییەکانی ناوچەکەدا پێش ئێران کەوتوونەتەوە.
دکتۆر شاهین ئاخوندزادە، بە پشت بەستن بە داتاکانی “سکۆپۆس” و “ISI” ڕایگەیاند، ئێران ئێستا لە سکۆپۆس پلەی دووەم و لە ISI پلەی سێیەمی ناوچەکەی هەیە و «سعوودیە و تورکیاش بە ڕیزبەندی پلەکانی یەکەم و دووەمیان بەدەست هێناوە».
ئەو هۆکاری دابەزینی پێگەی ئێرانی بۆ تێکەڵەیەک لە کەمکردنەوەی بودجەی توێژینەوە، کۆچی پسپۆڕان و وەبەرهێنانی گەورەی ڕکابەرەکانی گەڕاندەوە و گوتی، وڵاتانی ناوچەکە “بە پلانی نیشتمانی و ڕاکێشانی توێژەری بیانی” بەرەوپێش دەچن، لەکاتێکدا لە ئێران «پشتگیرییەکان لەناکاو کەم کرانەوە». هەروەها ئاخوندزادە ئاماژەی بە کاریگەرییەکانی سنووردارکردنی ئینتەرنێت و داخستنی هەندێک سیستەم لەسەر ڕیزبەندیی “وێبۆمێتریکس”ی زانکۆکان کرد و گوتی، ئەم حاڵەتانە «خاڵە زانستییەکان لەناودەبەن».
جێگری وەزیر زیادی کرد، بۆ قەرەبووکردنەوەی دواکەوتنەکە پێویستە ئێستا وەبەرهێنان بکرێت تا «پێنج ساڵی دیکە» ئەنجامەکەی ببینرێت. ئەو ڕەخنەی لە کوالیتیی نامەی دکتۆرا و ماستەرەکان و نەبوونی ژینگەیەکی ڕاستەقینەی توێژینەوە گرت و جەختی لەسەر پێویستیی دروستکردنی پاڵنەر بۆ مامۆستایانی زانکۆ کردەوە: «ئەگەر نەتوانم کێشەی توێژەران چارەسەر بکەم، لانیکەم نابێت کێشەکانیان بۆ زیاد بکەم.»

