ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2025، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چەند بەرچاوڕوونییەکی لەبارەی پرسی نەوت و مووچە بڵاوکردەوە، کە ئەمانەن:
- لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، 48 کاتژمێر مۆڵەت دراوەتە بە وەزیری نەوتی عێراق بۆ چارەسەرکردنی پرسی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.
- کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت ڕەزامەندییان دەربڕیوە کە بەپێی یاساکانی عێراق مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و دەستبەرداری داواکارییەکانیان بوون بۆ پاراستنی مافەکانیان بەپێی یاسا بیانییەکان.
- حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بە نووسراوی فەرمی ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ ڕادەستکردنی بەشە نەوتی خۆی بە کۆمپانیای سۆمۆ.
- پێویستە لەگەڵ ڕادەستکردنی نەوتدا، مووچەی مانگی 7 و مانگەکانی دواتری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت.
- لە بنەڕەتدا، هیچ کام لەم ڕێوشوێنانە پێویست نەبوون. هیچ هۆکارێک نییە بۆ نەناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان. ئەگەر تەنها یاساکانی بودجە، یاسای کارگێڕی دارایی و دەستوور بکرێنە ناوبژیوان، هیچ پاساوێک نامێنێت بۆ خەرجنەکردنی مووچە، بەتایبەتی لەگەڵ بڕیاری دادگای فیدراڵی. حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم داواکارییەکان و ئەرکەکانی سەرشانی خۆی جێبەجێکردووە و نەناردنی مووچە بێ پاساوە.
- ئێستا توانای بەرهەمهێنانی نەوت بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت و ڕۆژانە بڕی 233 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدێت. دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە خزمەتی دۆخی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت.
- هەموو هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم و جێبەجێکردنی داواکارییەکانی حکوومەتی فیدراڵ لە پێناو ئەوەدایە کە هیچ مووچەیەکی مووچەخۆرانی هەرێم نەفەوتێت. سەبارەت بە داهاتی ناوخۆش، هەرچی یاسا بۆی دیاریکردووین، بێ زیاد و کەم پابەندین پێوەی.

