بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگ لەسەر پڕۆژەبڕیارێک بدات بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێی ئاگربەست لە غەززە و ئاسانکاری بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆیییەکان. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە ئەمەریکا تا ئێستا بڕیاری هاوشێوەی “ڤیتۆ” کردووە.
بەپێی سەرچاوە دیپلۆماسییەکان، پڕۆژەبڕیارە نوێیەکە داوای کۆتاییهێنان بە سنووردارکردنی گەیاندنی هاوکارییە مرۆیییەکان بۆ غەززە دەکات و جەخت لەسەر “ئاگربەستێکی دەستبەجێ، بێمەرج و هەمیشەیی” و ئازادکردنی سەرجەم بارمتە ئیسرائیلییەکان دەکاتەوە.
ئەمەریکا پێشتر پڕۆژەی هاوشێوەی ڕەت کردبووەوە. دواین جار لە مانگی حوزەیراندا بە بەکارهێنانی مافی ڤیتۆ، ڕێگری لە پەسەندکردنی بڕیارنامەیەک کرد بۆ پشتیوانیکردن لە فەڵەستینییەکان.
هاوکات، داواکاری گشتیی ئیسپانیا ڕایگەیاند، لیژنەیەکیان بۆ لێکۆڵینەوە لە “پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە غەززە” پێکهێناوە بە مەبەستی هاوکاریکردن لەگەڵ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی.
بەرپرسانی فەڵەستینی ڕایانگەیاند، بۆ دووەم ڕۆژی لەسەریەک ئینتەرنێت و هێڵەکانی تەلەفۆنی زەمینی لە غەززە و باکووری کەرتی غەززە پچڕاون و هۆکارەکەشیان گەڕاندەوە بۆ زیانگەیاندن بە هێڵە سەرەکییەکانی تۆڕەکە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە.
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، زیاتر لە ٤٠٠ هەزار دانیشتووی شاری غەززە بەرەو باشوور ئاوارە بوون. وێنە سەتەلایتییەکانیش کەمبوونەوەی خێوەتی ئاوارەکان لە باکووری غەززە نیشان دەدەن.
سەرچاوە نەخۆشخانەییەکان ڕایانگەیاند، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای ئیسرائیلەوە، لانی کەم ١٠٠ کەس کوژراون. ڕۆژنامەی “یەدیعۆت ئەحرۆنۆت”یش لە زاری سوپای ئیسرائیلەوە بڵاوی کردەوە، هێزی ئاسمانی “کۆگایەکی چەک”ی لە شاری غەززە کردووەتە ئامانج.

