zagros news agency

گەڕانەوەی بەرفراوانی پەنابەرانی سووریایی بۆ وڵاتەکەیان بەردەوامە

دەروازەی سنووریی بابولهەوا لەنێوان سووریا و تورکیا، بووەتە شایەتحاڵی تێپەڕبوونی هەزاران پەنابەری سووریایی کە دوای ساڵانێک ئاوارەیی، دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان.
ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕۆژی یەکشەممە، هاتووچۆیەکی بەرفراوانی پەنابەرە سووریاییەکانی لە دەروازەی بابولهەوا لە هەردوو دیوی تورکیا و سووریاوە نیشان دەدا، کە خەریکی تەواوکردنی ڕێکارەکانی چوونەوە ناو وڵاتەکەیان بوون. یەکێک لەو کەسانەی گەڕاوەتەوە، گوتی دوای ١٤ ساڵ دووری، بە شێوەیەکی خۆویستانە گەڕاوەتەوە و دەیەوێت ژیانێکی نوێ لە نیشتمانی خۆیدا دروست بکات.
لەلایەکی دیکەوە، مستەفا حەلاق، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی دەروازەی بابولهەوا، ڕایگەیاند، ئەم دەروازەیە لە کاتی ڕووخانی ڕژێمی پێشووەوە پێشوازیی لە زیاتر لە ٢٨٠ هەزار سووریایی کردووە کە بە شێوەیەکی یەکجارەکی و خۆویستانە گەڕاونەتەوە. هەروەها زیاتر لە ٣٢ هەزار سووریایی کە خاوەنی ڕەگەزنامەی دووانی تورکی-سوورین لەم دەروازەیەوە گەڕاونەتەوە.
ئەم گۆڕانکارییانە دوای ئەوە دێن کە عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، جەختی لەوە کردەوە کە لە کاتی ڕووخانی ڕژێمی پێشووی سووریا لە ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ەوە، ٤٧٤ هەزار و ١٨ پەنابەری سووریایی گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتەکەیان. ناوبراو زیادی کرد، ژمارەی پەنابەرە سووریاییەکان لە تورکیا بۆ دوو ملیۆن و نیو کەس کەم بووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە ٢.٤ ملیۆن پەنابەر و ئاوارەی سووریایی گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، کە لەو ژمارەیە ٧٧٩ هەزار و ٤٧٣ کەسیان لە وڵاتانی دراوسێ و یەک ملیۆن و ٦٩٤ هەزار و ٤١٨ کەسیان ئاوارەی ناوخۆیی بوون. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئاستەنگی مرۆیی و لۆجستی، بەتایبەتی لە بواری خانوو و خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا، هێشتا لە سووریا بوونیان هەیە.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەڵاح

سەڵاح

دوو ئافرەتی فەرەنسایی لە تورکیا بە دە ساڵ زیندان حوکم دران

یاسین