بەڕێزان/ بەڕێوەبەر و ستافی بەڕێوەبردن و هونەرکاران لە ئێزگەی دەنگی کوردستان..
ئەمڕۆ بیرەوەری (٦٢)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستانە، بەو بۆنەیەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوەی هێژا و بیسەرانی ئازیزی ئێزگەکە دەکەین، دەستخۆشیی لە کارو چالاکییەکانتان دەکەین، ئومێدەوارین بۆ ساڵی داهاتوو هەنگاوی نوێتر و زیاتر بەرەوپێش بنێن.
ئێزگەی دەنگی کوردستان کە بە بڕیاری (بارزانیی نەمر) دامەزرا، دەستکەوتێکی دیکەی گرنگی بوار و بزووتنەوەی ڕۆژنامەوانی و ڕۆشنبیریی و کولتووریمانە، هەروەها قوتابخانەیەکی دەوڵەمەندی پێگەیاندنی کادیر و رۆژنامەوانانی کایەی میدیا و ڕاگەیاندنە، بۆیە ڕۆڵ و کاریگەریی ئەو کەناڵە ڕادیۆییە وەک هەمیشە بایەخدار و گرنگە بۆ پێشخستن و خزمەتکردنی بزاڤی میدیایی کوردستانی.
ئێزگەی دەنگی کوردستان، وەک ئێزگەیەکی دیرۆکیی و خاوەن ئەزموون، هەمیشە سەکۆ و دەنگێکی ڕاستەقینە بووە بۆ گوزارش کردن لە خواست و ویستی خەڵک و پێکهاتە جیاجیاکانی کۆمەڵگەکەمان، هەروەها پیشەییانە و بەرپرسانە مامەڵەی لەگەڵ هەواڵ و ڕووداوەکان کردووە.
بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٥

