بڕیاره عێراق جارێكی تر به داشكاندنێكی گه‌وره‌وه رۆژانه 15 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ڕه‌وانه‌ی ئوردن بكاته‌وه و مامۆستایه‌كی زانكۆ ده‌ڵێت، عێراق له‌و كاره‌یدا رۆژانه زیانێكی زۆر ده‌كات.
نه‌بیل مه‌رسوومی، شاره‌زای ئابووری له ئه‌كاونتی خۆی له (فه‌یسبووك) نووسیویه‌تی، عێراق ڕه‌زامه‌ندیی ده‌ربڕیوه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی رۆژانه 15 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت بنێرێت بۆ ئوردن، به‌مه‌رجی پێشووی كه رێكه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه بۆ هه‌ر به‌رمیلێك به داشكاندنی 16 دۆلار بفرۆشێت.
ئه‌و شاره‌زا ئابوورییه به سه‌رسوڕمانه‌وه ئه‌وه‌شی نووسیوه، عێراق خۆی داوای كردووه به كه‌مكردنه‌وه‌ی 12 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك بدات به ئوردن!.
له‌و چوارچیوه‌یه‌دا د.حه‌یده‌ر حوجامی، مامۆستای ئابووری له زانكۆی كوفه ڕایگه‌یاندووه، له‌و كاره‌ی عێراق كه نه‌وته‌كه‌ی به ئوردن ده‌فرۆشێته‌وه، رۆژانه 2,376,000,000 زیان ده‌كات.
دوای ئه‌وه‌ی نه‌وتی كوردستان هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه كرایه‌وه نرخی به‌رز بووه‌وه، كه‌چی حكوومه‌تی عێراق ده‌یه‌وێ جارێكی تر نه‌وته‌كه‌ی به نرخێكی زۆر كه‌م له بازاڕ بفرۆشێته‌وه به ئوردن.

