ئەنجومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕۆژی دووشەممە، 13 بڕیاری نوێی دەرکرد کە بریتین لە هێشتنەوەی دوورخستنەوەی هەندێک لە کاندیدەکان و سەپاندنی سزای دارایی و ڕەتکردنەوەی سکاڵا پەیوەندیدارەکان بە کاندیدەکانی دیکەوە.
لە بەڵگەنامەکانی ئەنجومەنەکەدا، کە ئاژانسی شەفەق نیوز ئاگاداریان بووە، هاتووە کە بڕیاری ژمارە (1)ی ئەنجومەنی کۆمیسیاران بۆ نووسراوی ئاسایی (38)ی مێژووی ئەمڕۆ، سەپاندنی سزای دارایی بووە بە بڕی پێنج ملیۆن دینار لەسەر کاندید عەلی مزهەر عیدان لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بۆ پارێزگای بەغدا.
هەروەها بڕیارەکە جەختی کردووەتەوە لە سەپاندنی سزای دارایی بە بڕی پێنج ملیۆن دینار لەسەر کاندید شەزا یاسین عەبدولکەریم، لە هاوپەیمانیی عەزمی عێراق (عەزمی پارێزگای بەغدا).
لە بڕیارەکانی ئەنجومەنەکەدا، ڕەتکردنەوەی سکاڵایەک هاتووە کە لە دژی ژمارەیەک لە کاندیدەکانی هەڵبژاردنی داهاتوو لە بەغدا و ژمارەیەک لە پارێزگاکان پێشکەش کراوە، هەروەها بڕیاری نەگۆڕینەوەی ژمارەیەک لە کاندیدەکان لە بەغدا و نەجەف و سەلاحەدین و نەینەوا.

