بڕیارە چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەی خولیی خۆی بکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چەند پرس و دۆسیەی گرنگ، لەوانە دۆسیەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت بۆ جەیهان و میکانیزمی تەواوکردنی وردەکارییەکانی دیکەی پەیوەست بە پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوت.
سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی به شفق نیوزی راگەیاند، “دۆسیەی ئێران و نوێترین پێشهاتەکان و تێگەیشتن لەگەڵ ئێرانییەکان بۆ تێپەڕاندنی هەندێک بابەتی گرنگ و لێکەوتەکانی سزاکانی نێودەوڵەتی کە دوو رۆژ لەمەوبەر بەسەر تاراندا سەپێنراون و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵیان بەجۆرێک کە کار نەکاتەسەر عێراق یان پێشێلی چاودێری نێودەوڵەتی نەکات، لەسەر مێزی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە دەبن، بەتایبەتی کە رێککەوتن و هاوبەشی سەرەتایی لەگەڵ ئێراندا هەن.”
جگە لەوەش، بەپێی سەرچاوەکە، “گفتوگۆ لەسەر دۆسیەی سووریا و ئەوەی لە رۆژئاوای وڵات روودەدات و ئاسایشی سنووری هاوبەش لەگەڵ سووریا و دۆخی هێزەکانی هەسەده دەکرێت.”
سەرچاوەکە روونی کردەوە کە “پرسی ئاویش باس دەکرێت و کۆتاییهێنان بە قەیرانەکە لەڕێگەی رێکخستنەوەی پێشنیازەکان و چارەسەرکردنی بەجۆرێک کە مافە ئاوییەکانی عێراق بەپێی رێککەوتنەکانی پێشوو گەرەنتی بکات، لەگەڵ پرسی هەڵبژاردنەکان و ئامادەکارییە لۆجستی و ئەمنییەکان.”

