zagros news agency

ئەمەریکا دەستی بەکەمکردنەوەی هێزەکانی لەعێراق کرد

 

وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا ‘پێنتاگۆن’ ڕایگەیاند، دەستیان بەکەمکردنەوەی سوپای ئەمەریکا لە عێراق کرد، ئەم هەنگاوەشی بە “سەرکەوتنی هاوبەش” لە شەڕی دژی داعش وەسف کردووە.

شۆن بارنێل، گوتەبێژی پێنتاگۆن لەوبارەوە گوتی: “بەگوێرەی ڕێنماییەکانی سەرۆکی ئەمەریکا بەهەماهەنگی کارەکانی لیژنەی باڵای سەربازی ئەمەریکا-عێراق، ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان لە 27ـی ئەیلوولی 2024 بڵاوکردەوە، کە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانیان ئەرکی سەربازی خۆیان لە عێراق کەمدەکەنەوە.”

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم کەمکردنەوەیە ڕەنگدانەوەی سەرکەوتنی هاوبەشمانە لە بەرەنگاربوونەوەی داعش، هەروەها هەنگاوێکیشە بۆ هاوبەشییەکی ئەمنی بەردەوامی نێوان ئەمەریکا و عێراق، کە گونجاو بێت لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و دەستووری عێراق و ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی ئەمەریکا و عێراق.

شۆن بارنێل باسی لەوەشکرد، “ئەم هاوبەشییە پاڵپشتی ئاسایشی ئەمەریکا و عێراق دەکات، هەروەها توانای عێراق بۆ گەشەپێدانی ئابووری و ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی و وەرگرتنی ڕۆڵی سەرکردایەتی ناوچەیی بەرزدەکاتەوە، حکوومەتی ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە هەماهەنگییەکانی لەگەڵ حکوومەتی عێراق و هاوپەیمانان بۆ دەستەبەرکردنی گواستنەوەیەکی ڕێکوپێک.”

هەروەها پێنتاگۆن ژمارەی ئەو سەربازانەی ئاشکرا نەکردووە کە دەیانکێشێتەوە و ئەوانەشی لە عێراق دەمێننەوە

لە کۆتایی مانگی ئابدا، سەرچاوە ئەمنییەکانی عێراق ئاماژەیان بەوەدا کە بەشێک لە هێزەکانی ئەمەریکا بنکەکانیان لە عێراق جێهێشتووە، وەک بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار و ڤیکتۆریا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا. پێشبینی دەکرێت ژمارەیەکی کەم لە سەربازەکان وەک ڕاوێژکار و مەشقپێکردنی سەربازانی عێراق بمێننەوە.

ئەم کەمکردنەوەیە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی پێشووی نێوان بەغدا و واشنتن دێت کە دەبێت تا کۆتایی ئەم مانگە عێراق بەجێبهێڵن، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی پێشوو، نزیکەی دوو هەزار و 500 سەربازی ئەمەریکی لە عێراقدا بوونیان هەیە.

هەواڵی پەیوەندیدار

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و UNODC کاری هاوبەش تاووتوێ دەکەن

یاسین

کەشناسی : پلەکانی گەرما نزمتر دەبێتەوە

سەڵاح

نرخی زێڕ زیاتر بەرزبووەوە

سەڵاح