ئەمڕۆ و سبەی دەست بەدابەشکردنی نەوت دەکەن، سەرەتا پرۆسەکەش لەناوچە شاخاوییەکانەوە دەستپێ دەکات و دواتر ناو شار.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیاندا کردووە و ئەمڕۆ و سبەی دەست بەدابەشکردنی نەوت دەکەن، پرۆسەکە سەرەتا لەناوچە شاخاوییەکانەوە دەستپێ دەکات و دواتر ناو شار.
گوتیشی: ئێمە لە سنووری پارێزگای هەولێر هەموو ئامادەکارییەکمان لەرێگەی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکان کردووە، هەروەها خشتەیەک دروست کراوە کە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە نەوت دابەش دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشدا، لەچەند ڕۆژی داهاتوودا سیستەمێک تەواو دەکەن، کە هەموو هاووڵاتیان دەبنە خاوەنی کارتێکی ئەلیکترۆنی بۆ وەرگرتنی نەوت و غاز، کە دەکرێت لە داهاتوودا بۆ کۆبۆنی بەنزینیش کاری پێبکەن. ئەمەش دەبێتە ئاسانکاریی بۆ هاووڵاتیان.

