بەیانیی ئەمڕۆ، ڕووداوێکی هاتوچۆ لەنێوان چەند ئۆتۆمبێلێکی جۆراوجۆردا لەسەر ڕێگەی سلێمانی – چەمچەماڵ ڕوویدا، کە بووە هۆی برینداربوونی چەند هاووڵاتییەک و داخستنی ڕێگەکە.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی چەمچەماڵ بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2025، لەسەر ڕێگەی سەرەکیی سلێمانی – چەمچەماڵ، ڕووداوێکی هاتوچۆی زنجیرەیی لەنێوان بارهەڵگر، پاسێک و چەند ئۆتۆمبێلێکی تایبەتدا ڕوویدا.
هاتوچۆی چەمچەماڵ ئاشکرای کرد، لە ئەنجامی ڕووداوەکەدا چەند سەرنشینێک بریندار بوون و بەهۆی قەبارەی ڕووداوەکەوە ڕێگەکە بۆ ماوەیەکی زۆر داخرا.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەستبەجێ تیمەکانی هاتوچۆ و فریاگوزاریی تەندروستی گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و بریندارەکانیان بۆ نەخۆشخانەی گشتیی چەمچەماڵ گواستەوە.
هاتوچۆی چەمچەماڵ دەڵێت، پاش لابردنی ئۆتۆمبێلەکان، ڕێگەکە کرایەوە و هاتوچۆ ئاسایی بووەوە.

