ستیڤ ویتکۆڤ نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جێرد کۆشنەر زاوا و ڕاوێژکاری ترەمپ گەیشتنە میسر، بۆ ئەوەی بەشداری لە دانوستانەکانی کۆتاییهێنان بەشەڕی غەززە بکەن.
دەستەی پەخشی ئیسرائیلی ‘کان’ پێشتر ڕایگەیاندبوو، دانوستانەکان لەسەر غەززە دەچێتە قۆناغێکی چڕترەوە بە هاتنی ستیڤ ویتکۆف و جێرد کوشنەر، بە ئامانجی خێراکردنی دانوستانەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لەنێوان ئیسرائیل و حەماس ئەنجامدراوە، کە تیشکیان خستۆتە سەر نەخشەی کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل و ئازادکردنی بەشێکی زۆر لە زیندانییە فەڵەستینییەکان.
سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی کە ئاگاداری دانوستانەکانە، بڵاویکردەوە، “هێشتا نازانین شتەکان بەرەو کوێ دەڕۆن. ئەمەریکا بە شێوەیەک مامەڵە دەکات کە ئامانجی ئەوەیە دۆسیەکان بە خێرایی دابخات، بەڵام ئەوە تائێستا ڕووی نەداوە.”
خەلیل حەییە، سەرۆکی شاندی حەماس لە دانوستانەکانی ئاگربەستی غەززە، پشتڕاستی کردەوە، شاندی بزووتنەوەکە بۆ ئەنجامدانی دانوستانی بەرپرسیارانە و جددی بۆ ڕاگرتنی شەڕی ئیسرائیل لە دژی گەلی فەڵەستین گەیشتوونەتە میسر.
هاوکات بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دووپاتی کردەوە، ئیسرائیل بە ڕۆژانی “یەکلاکەرەوە و چارەنووسساز”دا تێدەپەڕێت، جەختیشی لە بەردەوامیی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە هەموو ئامانجەکانی جەنگ کردەوە.

