چوارچێوەی هەماهەنگی، کاردانەوەی نیشاندا لەسەر سەپاندنی سزاکانی ئەمریکا لەسەر کۆمپانیای ئەلموهەندیسی گشتی، کە سەر بە دەستەی حەشدی شەعبییە.
بەپێی گوتەی موختار موسەوی، پەرلەمانتاری چوارچێوەکە، بۆ شەفەق نیوز، “سزاکانی ئەمریکا کە بەسەر کۆمپانیای ئەلموهەندیسی گشتیدا سەپێندراون، ئامانجگرتنێکی راستەوخۆن بۆ دەستەی حەشدی شەعبی و دامەزراوە نیشتمانییەکانی دەوڵەتی عێراق و ئەم رێکارانە دەستتێوەردانێکی زەقن لە کاروباری ناوخۆی عێراق و هەوڵێکی نوێن بۆ لەکەدارکردنی دامەزراوە فەرمییەکان کە بە بڕیاری حکومی و یاسایی لەناو سیستەمی دەوڵەتدا دامەزراون.”
بە گوتەی موسەوی، (کۆمپانیای ئەلموهەندیس) بە یەکێک لە گرنگترین کۆمپانیا نیشتمانییەکان دادەنرێت کە بەشداریی کردووە لە جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزاری و ستراتیژییەکان لە پارێزگا جیاوازەکان و بەشداری کردووە لە دابینکردنی هەزاران هەلی کار بۆ کرێکاری عێراقی و پشتگیری لە هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە و سەقامگیری کردووە، بەتایبەتی لەو ناوچانەی لە تیرۆر رزگار کراون و سزاکانی ئەمریکا لە پلەی یەکەمدا زیان بە هاووڵاتی عێراقی دەگەیەنێت، چونکە دامەزراوەیەکی ئابووریی نیشتمانی دەکاتە ئامانج کە پڕۆژە خزمەتگوزاری و مرۆییەکان دارایی دەکات.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە “بیانووەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ناڕاستن و بەڵگەی یاساییان نییە، و ئیدارەی ترەمپ هێشتا بە عەقڵییەتی سەرپەرشتیاری و فشار سیاسی مامەڵە لەگەڵ عێراق دەکات و سەروەریی دەوڵەت و مافی بەڕێوەبردنی کاروبارە ئابووری و سەربازییەکانی بەدوور لە ئیملای دەرەکی پشتگوێ دەخات.”
موسەوی جەختی لەوە کردەوە کە “حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی فەرمی دەستوورییە و بە یاسایەک پەسەند کراوە کە لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دەرچووە و هەر ئامانجگرتنێک بۆ قۆڵی ئابووری، ئامانجگرتنە بۆ شکۆی خودی دەوڵەتی عێراق، بۆیە دەبێت حکومەت بە خێرایی هەنگاوی دیپلۆماسی بنێت بۆ ڕوونکردنەوەی هەڵوێستەکە، و بە فەرمی وەڵامی ئەم ڕێکارانە بداتەوە، و ڕێگری لە کاریگەرییان بکات لەسەر کۆمپانیا و دامەزراوە عێراقییەکان کە پەیوەستن بە پڕۆژە حکومییەکان، هەروەها دەبێت وەزارەتی دەرەوەی عێراق کار بۆ بانگهێشتکردنی بەرپرسانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بکات و یاداشتی ناڕەزایەتی فەرمییان پێشکەش بکات.”

