– پڕۆژەی دووكان-سلێمانی3 لە چوارچێوەی پلان و هەنگاوەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەت و دیدگای ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سلێمانی جێبەجێ دەكرێت
– پڕۆژەیەی ئاوی دووكان-سلێمانی3 بە گوژمەی 423،890،000 دۆلار لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێ دەكرێت
ئەمڕۆ یەكشەممە 12ی ئۆكتۆبەری 2025 بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پڕۆژەی ئاوی دووكان-سلێمانی3 بە گوژمەی 423،890،000 دۆلار لە نێوان وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و كۆمپانیای هابیكا واژوو كرا.
ڕێوڕەسمی واژووكردنەكە لە شاری هەولێر و لە دیوانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە بەشداریی بریكار و ڕاوێژكارانی وەزارەت و جێگری پارێزگاری سلێمانی و كۆمپانیای جێبەجێكار و ژمارەیەكی دیكە لە بەڕێوەبەرانی گشتی و بەڕێوەبەران و فەرمانگەكانی تایبەتمەند بە پڕۆژەكە بەڕێوەچوو.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە بەشێكی وتارەكەیدا خۆشحاڵی خۆی بە واژووكردنی گرێبەستەكە دەربڕی و و پیرۆزبایی لە دانیشتووانی شاری سلێمانی كرد، ڕاشیگەیاند: خۆمان بە خۆشحاڵ دەزانین ئەمڕۆ گرێبەستێكی دیكەی گرنگی پڕۆژەیەكی گەورەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتییان لە سێكتەری ئاودا بۆ شاری سلێمانی واژوو دەكەین ئەویش گرێبەستی پڕۆژەی (هێڵی سێیەمی ئاوی دووكان-سلێمانی) بە بڕی 423،890،000 دۆلار لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كە كێشەیەكی بەرچاو و لەمێژینەی ئاوی سلێمانی چارەسەر دەكات.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشی: ئەم پڕۆژەیەی ئاوی دووكان-سلێمانی3 هاوشێوەی پڕۆژە گەورەكانی دیكەی حكوومەت لە چوارچێوەی پلانی ستراتیژی و كارنامە و هەنگاوەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دیدگای ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشە لەمێژینەكانی كەمئاوی لە شارەكان دانراوە.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەبارەی بیرۆكەی جێبەجێكردنی پڕۆژەكە گوتی: پڕۆژەی دووكان-سلێمانی3 لە مانگی ئەیلوولی 2024 گرنگی ئەم پڕۆژەیەمان بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بەرزكردەوە و پێویستی شاری سلێمانیمان بە جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژە ستراتیژییە خستەڕوو، لە مانگی كانوونی دووەمی 2025 لەلایەن جەنابی سەرۆكی حكوومەتەوە ڕەزامەندی جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیە درا، بەڵام دواتر گوژمەی پڕۆژەكە بۆ بڕی 423،890،000 دۆلار بەرزكرایەوە و ئەمڕۆش گرێبەستەكەی واژوو كرا.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەبارەی پێكهاتەكانی پڕۆژەكە گوتی: پرۆژەی ئاوی دووكان-سلێمانی3، پرۆژەیەكی گەورە و ستراتیژی و درێژمەودایە و ڕۆڵی گەورەی دەبێت لە چارەسەركردنی كێشەی ئاوی خواردنەوەی سلێمانی و بەشێك لە ناوچەكانی دەوروبەری، پڕۆژەكە لە چەندین بەشی گرنگ پێك دێت، وەك: بەشی وەرگری ئاو لەسەر زێی بچووك و وێستگەی خاوێنكردنەوەی ئاو بە توانای (480،000 مەتر سێجا) لە ڕۆژێكدا كە بڕیارە لە قۆناغی یەكەمدا (240،000 مەتر سێجا)ی لێ جێبەجێ بكرێت. هەروەها دوو وێستگەی ناوەندی پاڵنان و بەرزكردنەوەی ئاو و دوو هێڵی سەرەكیی گواستنەوەی ئاو لە دووكان بۆ سلێمانی بە تیرەی 1400ملم بە درێژی 112 كلم، لەگەڵ هێڵی كارەبا، كە كوالێتیی ئاوی بەرهەمهاتوو لە بەرزترین ئاست دەبێت و بەپێی ستانداردی عێراقی و جیهانی دەبێت.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بە پڕۆژەكانی دیكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سێكتەری ئاوی خواردنەوەی شار و شارۆچكەكان دا و گوتی: سێكتەری ئاو یەكێكە لەو سێكتەرانەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵی داوە لە ڕیزبەندی یەكەمی كارەكانی بێت، سەرەڕای هەر بارودۆخێكی سەختی ئابووری كە ڕووبەڕووی كوردستان بووەتەوە.
ساسان عەونی، ئاماژەی بە بەشێك لە پڕۆژە جێبەجێكراوەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەت كرد و بەم جۆرە پرۆژەكانی خستەڕوو: پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ هەولێر بە گوژمەی (480 ملیۆن دۆلار و بە ڕێژەی 95%ی كارەكانی تەواو بووە. پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە-چەمچەماڵ، بە گوژمەی 114 ملیار دینار و بە ڕێژەی 20%ی كارەكانی تەواو بووە. پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە كه ئاوی قوشتهپه و ناحیهی بێستانه و زیاتر له 70 گوند دابین دهكات، گوژمەی پڕۆژەکە ٢٢٢ ملیار دینارە، ۹٠٪ی پڕۆژەکە تەواو بووە و بڕیاره لهم نزیكانه بكهوێته كار. پڕۆژەی ئاوی بەردەڕەش، گوژمەی پڕۆژەکە ٤٢٨ ملیار دینارە، ئیشوکارەکانی ڕووپێوی زەوی و جیوتێکنیکال دەستیپێکردووە. پڕۆژەی ئاوی خەبات، گوژمەی پڕۆژە ١٩٥ ملیاره. ڕەزامەندی دراوە بۆ فراوانکردنی پڕۆژەی ئاوی قەندیل. پڕۆژەی ئاوی ٥١ گوندی بارزان بە گوژمە ١٣٨ ملیار دینار، ٩٠٪ی پرۆژەکە تەواو بووە بڕیارە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ تەواو ببێت. پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ بە گوژمەی ١٠٨ ملیار دینار، ٦٠٪ پڕۆژەکە تەواو بووە، بڕیارە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦ تەواو ببێت. پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان، گوژمەی ٢٠ ملیۆن دۆلار، ٥٥٪ی پڕۆژەکە تەواو بووە، دوای چارەسەرکردنی کێشە و گرفتە داراییەکان، بڕیارە لە ماوەی ساڵێکدا تەواو بکرێت. پڕۆژەی ئاوی دەربەندی ڕانیە، گوژمەی ٢٨ ملیۆن دۆلارە، ٨٠٪ی پڕۆژەکە تەواوبووە، بریارا لە ماوەیەکی کورتدا کێشە و گرفتەکانی چارەسەر بکرێت و لە ماوەی ٨ تا ۱۰ مانگی تردا ئیشوکارەکانی تەواو بکرێت. پڕۆژەی چارەسەری ئاوەڕۆی هەولێر، قۆناغی یەکەم لەسەر قەرزی ژاپۆنی ٢٠٠ ملیۆن دۆلار. پڕۆژەی چارەسەرکردنی ئاوەڕۆی قورسی هەولێر، قۆناغی دووەم، بە گوژمەی ٥٧٩ ملیۆن دۆلار، ڕەزامەندی گەڕاوەتەوە.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار

