دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، لە کاتی بەڕێکەوتنی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕست گوتی، شەڕی ئیسرائیل و حەماس کۆتایی هاتووە، پێش گەیشتنی بە لووتکەی شەرم شێخ، چەند کاتژمێرێک لە ئیسرائیل دەمێنێتەوە، دواتر دەچێتە میسر بۆ واژۆ کردنی ڕێککەوتننامەی نێوان ئیسرائیل و حەماس.
ئەمڕۆ دوو شەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، لە واشتنەوە بەرە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێکەوت، لە کاتی گەیشتنی بۆ لای فڕۆکە تایبەتەکەی لە وەڵامی ڕۆژنامەنووساندا گوتی، شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس کۆتایی هاتووە.
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، گەشتەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر باش دەبێت، چەند کاتژمێرێک لە ئیسرائیل دەمێنێتەوە، ئەمەش یەکەم سەردانی ترەمپە بۆ ئیسرائیل لەوەتەی بووەتەوە سەرۆکی ئەمەریکا.
سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوەشکرد، لە داهاتوودا تووشی ئالەنگاری زیاتر دەبینەوە بە تایبەت لە ڕووی ئەمنی، هەندێک لە دوژمنەکانمان دەیانەوێت سەر لە نوێ هێرشمان بکەنەوە سەر.
دۆناڵد ترەمپ، لە میانەی سەردانەکەیدا، پێش ئەوەی بچێتە لووتکەی شەرم شێخ، سەرەتا لە ئیسرائیل دادەبەزێت، لە یەکێک لە کنێستەکان وتارێک پێشکەش دەکات، کە هەر لەوێ چاوی دەکەوێت بە خانەوادەی بارمتە ئیسرائیلیەکان.
ترمپ دەڵێت، گەرەنتی زارەکی لە ئیسرائیل و حەماس وەرگرتووە بۆ ڕێککەوتن و کۆتاییهێنان بە شەڕ، گوتیشی: لەو باوەڕەدا نیم کە هیچ کامیان بیانەوێت من شەرمەزار بکەن، هەرچەندە لە هەندێک بابەتدا هاوڕای یەکتر نین، بەڵام پەیوەندییەکانم لە گەڵ ناتانیاهۆ زۆر باشە.
ئاماژەی بەوەش داوە، دەیەوێت کەرتی غەززە ببینێت و سەردانی بکات، هەروەها ئومێد دەخوازێت، هەرچی زووە ئەنجومەنێکی ئاشتی لە غەززە پێکبهێنرێت بە سەرکرادایەتی خۆی بۆ ئەوەی ئاشتی لە کەرتی غەززە بەدی بێت.

