بەڕێز ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی کرد لە شاندێکی باڵای هەرێمی Baden-Württemberg لە کۆماری فیدراڵی ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتی بەڕێز Florian hassler وەزیری دەوڵەت و دوو ئەندام پەرلەمانی هەرێمی ناوبراو بە یاوەری کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر.
لە دیدارەکەدا بەڕێز وەزیری ناوخۆ سوپاس و پێزانینی خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستانی پێشکەش بە شاندی میوان کرد بۆ پەیوەندی دێرین و هاوکاری بەردەوامی کۆماری فیدراڵی ئەڵمانیا بۆ هەرێمی کوردستان. هەروەها پوختەیەکی دەربارەی دۆخی سیاسی ناوخۆیی عێراق و پەرەسەندنەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خستە روو. باسی لە خۆڕاگری هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کرد لە بەرامبەر دۆخی زەحمەتی ئابوری کە بە هۆی خەرجنەکردنی بودجە و موچەی فەرمانبەران هاتۆتە کایەوە. هەروەها باسی لەو پڕۆژە ستراتیژیانە کرد کە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرەڕای قەیرانەکان، توانیویەتی جێبەجێیان بکات بە تایبەت لە بواری چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا، ئاوی خواردنەوە، بەرەوپێشبردنی ڕێگاوبان، ئیدارەکردنی ئاوارە و پەنابەران، ئیدارەکردنی دۆسیەی وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوا لە ڕێی دروستکردنی چەندین پۆند و بەنداو.
هەروەها باس لە پەرەپێدانی بوارەکانی گەشتوگوزار و کشتوکاڵ کرا وەکو سەرچاوەی دیکەی داهات و دەرفەتەکانی کار. شاندی میوان ستایشی پەیوەندی نێوان هەردوو هەرێمیان کرد و باسیان لە پڕۆژەیەکی هەرێمەکەیان کرد بۆ پێشکەشکردنی چارەسەر بۆ کچان و ژنی کوردی ئێزیدی قوربانی داعش و چەند پڕۆژەیەکی دیکە کە لە پارێزگای دهۆک جێبەجێ دەکرێن. هەروەها خۆشحاڵ بوون بە سەقامگیری ئەمنی و ستایشی دۆخی تایبەتی پێکەوە ژیانی ئایینی و نەتەوەیی و مەزەبی لە هەرێمی کوردستان کرد کە وەکو خاڵێکی زێڕینی دۆخی کوردستان دەژمێردرێت. ئامادەیی خۆیان پیشاندا کە دیراسەی دەرفەتەکانی سەرمایەگوزاری و پێکەوەکارکردن بکەن لە بوارەکانی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار. شاندی میوان بە فەرمی دەعوەتی بەڕێز وەزیری ناوخۆیان کرد کە سەردانی هەرێمەکەیان بکات و لە نزیکەوە ئاشنا بێت بە بارودۆخی ئەوان. هەروەها ئامادەییان پیشاندا کە لەمەولا لایەنە پەیوەنددارەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پێشەنگاکانی کار و بازرگانی و پیشەسازی و گەشتوگوزار و کشتوکاڵ داوەتی هەرێمەکەیان بکەن.


