zagros news agency

٨٠٪ی کرێنشینانی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدان

لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کرێنشینان بەهۆی گرانبوونی کرێی خانوو و خۆراکەوە ڕووبەڕووی گوشارێکی زۆری ئابووری بوونەتەوە، بە جۆرێک کە بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ٨٠ بۆ ٩٠٪ی خێزانە کرێنشینەکان لەژێر هێڵی هەژاریدان و ناچارن ٥٠ بۆ ٧٠٪ی داهاتەکەیان بۆ دابینکردنی کرێی خانوو تەرخان بکەن.
گرانبوونی کرێی خانوو لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنگی بە کرێنشینان هەڵچنیوە، بەتایبەتی توێژی کرێکاری کرێنشین زیاتر کەوتوونەتە ژێر گوشاری دابینکردنی کرێی خانووەوە. ئەم دۆخە وای لێ کردوون کە ناچار بن بەشێک لە خەرجییەکان، لەوانە جلوبەرگ، گەشتکردن و تەنانەت تێچووی دەرمان و بەشێک لە خۆراکەکانی وەک گۆشت کەم بکەنەوە.
عەبدوڵڵا مام عەبدوڵڵا، بەڵێندەرێکی دروستکردنی خانووبەرە، ڕایگەیاندووە کە حکوومەت ناتوانێت چاودێریی دۆخەکە بکات. هاوکات لەگەڵ گرانبوونی کرێی خانووبەرە، نرخی خۆراکیش زۆر بەرز بووەتەوە. لوقمان خزری، کرێنشینێک، دەڵێت: “ڕۆژانە بە یەک ملیۆن تمەن کار دەکەم، کیلۆیەک گۆشت بە ٨٠٠ هەزار تمەنە، چۆن مانگی ١٥ ملیۆن تمەن کرێی خانوو دابین بکەم؟”
ناسر سوڵتانی، هاووڵاتییەک کە خاوەنی ئۆتۆمبێلی بارییە، هۆکاری سەرەکیی ئەم دۆخە بۆ هەڵاوسان دەگێڕێتەوە، و هۆکاری دووەمیشی بە نەبوونی چاودێریی حکوومی و زێدەخوازیی خاوەنماڵەکان دەزانێت. ئەم گوشارە ئابوورییە بە ڕادەیەک بووەتە هۆی کاریگەریی نەرێنی لەسەر خێزانە کرێنشینەکان کە بەپێی ئامارە فەرمییەکانی حکوومەتی وڵاتەکە، ڕێژەی هەژاری لەناو خێزانە کرێنشینەکاندا گەیشتووەتە ٨٠ بۆ ٩٠٪.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەنگلادێش بە تۆمەتی تاوانی دژی مرۆڤایەتی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا

سەڵاح

تورکیا داوای زیادکردنی کرێی هەناردەی نەوت لە عێراق دەکات

سەڵاح

وەزارەتی پەروەردە رۆژانی پشووی هەڵبژاردنی راگەیاند

یاسین