zagros news agency

پەرلەمانی تورکیا ئەرکی مانەوەی هێزەکانی لە عێراق درێژ کردەوە

 

پەرلەمانی تورکیا لە دانیشتنی ڕۆژی سێشەممەدا، بە مەبەستی تاوتوێکردنی یاداشتێکی سەرۆکایەتی، پێشنیازی درێژکردنەوەی ئەرکی هێزە چەکدارەکانی تورکیای لە عێراق و سووریا بۆ ماوەی سێ ساڵی دیکە پەسەند کرد، درێژکردنەوەەکەش لە 30ـی تشرینی یەکەمەوە دەستپێدەکات، تەنیا پارتی گەلی کۆماری و پارتی دیموکراتی گەلان دەنگیان بە پێشنیازەکە نەدا.

لە یاداشتنامەی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا واژۆی لەسەر کردبوو، ئاماژە بەوە کراوە “هەڕەشەی تیرۆریستی بەردەوام لە ناوچە سنوورییەکانی باشووری تورکیا و نەبوونی سەقامگیری بەردەوام، مەترسی و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی دروست دەکات.”

هاوکات لە یاداشتەکەدا “پابەندبوونی تورکیا بە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق و یەکێتی نیشتمانی و سەقامگیریی عێراق” دووپاتکرایەوە.

هەروەها لە یاداشتەکەدا هاتووە، “لەگەڵ خواست و پێداویستییەکانی ئیدارەی ئێستای سووریا و پێویستی پەرەپێدانی تواناکانی وڵات لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاڵپشتیکردنی هەوڵە نێودەوڵەتی و نیشتمانییەکان، جەخت لەسەر پێویستی گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست لە دژی هەموو مەترسی و هەڕەشە و کردەوەیەک کرایەوە کە دەتوانێت ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا بخاتە مەترسییەوە، هاوکات جەخت لەسەر گرنگی بەهێزکردنی هەوڵەکان کرایەوە بە ئامانجی چەسپاندنی سەقامگیری لە سووریا.”

تورکیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانی پەکەکە ماوەی چارەکە سەدەیەکە دەیان بنکەی سەربازی لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق داناوە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان ‘پەکەکە’ لە مانگی ئایاری 2025 هەڵوەشاندنەوەی خۆی ڕاگەیاند، بەڵام هێزەکانی تورکیا بەوە تۆمەتبار کران کە بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان دژی چەکدارانی پەکەکە لە سووریا و عێراق.

هەواڵی پەیوەندیدار

راگەیندراوێک لە وەزارەتی پەروەردەوە

یاسین

بنەسڵاوە.. دەست بة دروستکردن و قیڕتاوکردنى سایدی دووەمی شەقامى سەرەكى كرا

سەڵاح

ڕۆبێرت کارادین لە تەمەنی 71 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد

ART