کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن جەختی لە بەردەوامی پەیوەندییەکان لەگەڵ لایەن و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کردەوە بۆ وەرگرتنی زانیاری دەربارەی سروشتی ئەو رێکارانەی کە بۆ پەسەندکردنیان وەک چاودێر لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمان پەیڕەو دەکرێن.
نیبراس ئەبو سوودە، جێگری وتەبێژی کۆمیسیۆن رایگەیاند: “ژمارەیەک لە رێکخراو و لایەنی نێودەوڵەتی پەیوەندییان کردووە بۆ پرسیارکردن دەربارەی رێکارەکانی پەسەندکردنی چاودێرانی هەڵبژاردن، بەڵام پرۆسەی پەسەندکردنەکە تا ئێستا بەشێوەیەکی فەرمی ئەنجام نەدراوە.”
ڕوونیشی کردەوە کە “نەتەوە یەکگرتووەکان رۆڵێکی کارای هەیە لە هاندان و پشتگیریکردنی رێکخراوە نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەکان بۆ بەشداریکردن لە چاودێریکردنی هەڵبژاردن، هەروەها پشتگیریکردنی هەوڵەکانی کۆمیسیۆن لە دڵنیابوون لە شەفافیەت و بێلایەنی پرۆسەی هەڵبژاردن”، ئاماژەی بەوەشدا کە “کاندیدکردنی رێکخراوەکان و رەزامەندی بەشداریکردنیان تەنها لەڕێگەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەوە دەبێت بەپێی ئەو سیستەم و رێنماییانەی کە کاریان پێ دەکرێت.”
جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە “کۆمیسیۆن ژمارەیەک لە رێکخراوی خۆجێیی سەربەخۆی تۆمار کردووە کە ئارەزووی چاودێریکردنی هەڵبژاردنیان هەیە، بەپێی مەرج و رێنماییە تایبەتەکانی تۆمارکردنی چاودێرە خۆجێییەکان، کە پێویست دەکات ئەو لایەنە بە شێوەیەکی فەرمی لە فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان تۆمار کرابێت.”
ڕوونیشی کردەوە کە “کۆمیسیۆن رێگە بەم رێکخراوانە دەدات لە سەرجەم قۆناغەکانی پرۆسەی هەڵبژاردندا کار بکەن، لە ڕێگەی پێدانی باجی پەسەندکراوی فەرمی کە بەشدارییەکی کارا و بەرپرسیارانە دڵنیا دەکاتەوە و بەشداری دەکات لە بەهێزکردنی شەفافیەت و متمانەی گشتی بە هەڵبژاردن.”

