zagros news agency

گەنجێکی نیوزیلەندی نزیکەی ١٠٠ موگناتیس قووت دەدات

 

گەنجێکی ١٣ ساڵەی نیوزیلەندی نزیکەی ١٠٠ موگناتیسی بەهێزی قووتدا کە لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە کڕیبوونی، ئەمەش وای لێکرد نەشتەرگەرەکان ناچار بن بەشێک لە شانەکانی ڕیخۆڵەکانی لاببەن.
بەپێی ڕاپۆرتی شفقنا، ماڵپەڕی ڕۆژنامەی “الشرق الأوسط” نووسیویەتی: “بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی گاردیان، دوای چوار ڕۆژ لە ئازارێکی توندی سک، ئەم گەنجە کە ناوی ئاشکرا نەکراوە، گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە. پزیشکان لە ڕاپۆرتەکەیاندا نووسیویانە: کوڕەکە پشتڕاستی کردەوە کە نزیکەی ٨٠ بۆ ١٠٠ موگناتیسی نیۆدیمیۆمی بەهێز (٥×٢ میلیمەتر)ی نزیکەی هەفتەیەک پێشتر قووتداوە.”
ئەم موگناتیسانە، کە لە مانگی یەکی ٢٠١٣ەوە لە نیوزیلەند قەدەغە کراون، لە ڕێگەی پلاتفۆرمی کڕینی ئۆنلاینی “تیمۆ”وە کڕدرابوون. وێنە تیشکییەکان نیشانیان دا کە ئەم موگناتیسانە لە چوار هێڵی ڕاستدا لە ڕیخۆڵەی گەنجەکەدا کۆبوونەتەوە و بەهۆی هێزی موگناتیسییەوە، بەشە جیاوازەکانی ڕیخۆڵە پێکەوە نووسابوون.
فشاری دروستبوو به هۆی موگناتیسەکانەوە بووە هۆی مردنی شانەکان لە چوار ناوچەی ڕیخۆڵە بچووک. نەشتەرگەرەکان بە ئەنجامدانی نەشتەرگەری، موگناتیسەکان و شانە مردووەکانیان لابرد و گەنجەکە دوای هەشت ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە توانی بگەڕێتەوە ماڵەوە. پزیشکان هۆشدارییان دا کە ئەم جۆرە نەشتەرگەرییانە لەوانەیە لە داهاتوودا کێشەی وەک گیرانی ڕیخۆڵە، فتق و ئازاری درێژخایەن دروست بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، پلاتفۆرمی تیمۆ وێڕای دەربڕینی پەژارە بۆ ئەم ڕووداوە، ڕایگەیاند لێکۆڵینەوەی نێوخۆیی ئەنجام داوە و لە پەیوەندیدایە لەگەڵ پزیشکان بۆ بەدەستهێنانی زانیاریی زیاتر دەربارەی دۆخی گەنجەکە. ئەم پلاتفۆرمە پێشتر بەهۆی لابردن نەکردنی بەرهەمە نایاساییەکان لە ماڵپەڕەکەیدا لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان، لەوانە یەکێتیی ئەوروپا، ڕووبەڕووی ڕەخنە ببووەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

سوودانی بانگهێشتی لوتکەی عەرەبی ئیسلامی لە سعوودیە کرا

سەڵاح

ڕووسیا ڕەتی دەکاتەوە بنکەی ئاسمانی ‘حمەیمیم’ بۆ گواستنەوەی چەک بۆ حزبوڵڵای لوبنانی بەکار بهێنرێت

سەڵاح

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا چه‌ند بابه‌تێكی گرنگ تاوتوێ ده‌كه‌ن

یاسین