بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لەبارەی كوژرانی كەسێك لەناو بازاڕی هەولێر، ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و ئاماژە بەوە دەدات: “بە گوتەی بكوژ، كوژراو پێش كوژرانی، مۆبایلی بكوژی هاك كردووە.”
ئەمڕۆ دووشەممە 27/10/2025، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە: “دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو لە رووداوێکی كوشتن لە بازاڕی هەولێر ئاگادار کراینەوە، دەستبەجێ تیمەکانمان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد، پاش لێکۆڵینەوەیەکی ورد و بەدواداچوونێکی چڕ، دەرکەوت کە لەسەر کێشەیەکی کۆنی نێوانیان کە بکوژ دانی پێدا ناوە، گوایە کەسی کوژراو مۆبایلی بکوژی هاک کردووە و کۆمەڵێک وێنەی بردووە، بۆیە شەوی ڕابردوو بکوژ بە ناوی (آ. ھ. ح) بە چەکێکی جۆری دەمانچە هاوڕێکەی بە ناوی (ی. د. ع) كوشتووە.”
ئەوەش خراوەتە ڕوو: “لە هەمان کاتی ڕووداوەکەدا تیمەکانمان لە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بكوژەكەیان دەستگیر کرد و لێکۆڵینەوەش لە ڕووداوەکە بەردەوامە.”

