zagros news agency

وەزیری بەرگریی پاکستان: دەتوانین تاڵیبان بگەڕێنینەوە بۆ ئەشکەوتان

 

ڕۆژێک دوای شکستی گفتوگۆکانی ئیستانبوڵ، خواجە ئاسیف، وەزیری بەرگریی پاکستان، هەڕەشەی لە تاڵیبان کرد و ڕایگەیاند وڵاتەکەی دەتوانێت “تەنانەت بەبێ بەکارهێنانی بەشێکی بچووکیش لە کۆگای تەقەمەنی و چەکەکانی، تاڵیبان بە تەواوی لەناو ببات و جارێکی دیکە بیانگەڕێنێتەوە بۆ ئەشکەوتەکانیان”.

هاوکات، عەتاوڵڵا تاریق، وەزیری ڕاگەیاندنی ئەم وڵاتە، ڕژێمی کابوڵی بە “کاتکوشتن” و “فێڵکردن” تۆمەتبار کرد کە بووەتە هۆی گەیشتنی سێیەمین خولی گفتوگۆکان لە ئیستانبوڵ بە بنبەست.

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردەوە ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی ئۆکتۆبەر، خواجە ئاسیف، وەزیری بەرگریی پاکستان، ڕۆژێک دوای شکستی گفتوگۆکانی ئیستانبوڵ لە نێوان تاڵیبان و پاکستان، هۆشداری دا پاکستان بەبێ پێویستبوون بە تەنانەت بەشێکی بچووکیش لە چەکخانەکەی، دەتوانێت تاڵیبان بە تەواوی لەناو ببات و جارێکی دیکە بیانگەڕێنێتەوە بۆ ئەشکەوتەکانیان.

ئاماژەکەی ئەو بۆ ئەشکەوتەکانی (تۆرا بۆرا)یە کە دەکەونە نەنگەرهاری ئەفغانستان و لە کاتی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئەفغانستان، پەناگەی سەرەکیی تاڵیبان بوون.

ئاسیف لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیی: “ڕژێمی تاڵیبان بە کوێرانە ئەفغانستان بەرەو جەنگێکی نوێ دەبات. تەنیا بەهۆی ئابووریی جەنگ و بە ئامانجی مانەوەی خۆی و ئەو دەسەڵاتەی کە داگیری کردووە. ئەگەر سەرکردەکانی تاڵیبان سوورن لەسەر ئەوەی جارێکی دیکە زیان بە ئەفغانستان و گەلە بێتاوانەکەی بگەیەنن، با وای بێت!”

لە هەمان کاتدا، عەتاوڵڵا تاریق، وەزیری ڕاگەیاندنی پاکستان، سەبارەت بە شکستی ئەم گفتوگۆیانە نووسیی بەداخەوە لایەنی ئەفغانی هیچ گەرەنتییەکی پێشکەش نەکرد، خۆی لە چارەسەرکردنی کێشە سەرەکییەکە دزییەوە و خەریکی تۆمەتبارکردن و کاتکوشتن و فێڵکردن بوو.

تووڕەیی سەرکردەکانی پاکستان لەوەوە سەرچاوە دەگرێت تاڵیبان لەلایەکەوە پەنای داوەتە هاوتا پاکستانییەکانی (TTP) کە بەردەوام لە خاکی ئەفغانستانەوە هێرش دژی پاکستان ئەنجام دەدەن و لەلایەکی دیکەشەوە، پەیوەندیی دیپلۆماسیی نزیکی لەگەڵ هیندستان دروست کردووە.

سێیەمین خولی گفتوگۆکانی تاڵیبان لەگەڵ پاکستان بە نێوەندگیریی قەتەر و تورکیا دوێنێ لە ئیستانبوڵ بەبێ ئەنجام کۆتایی هات.

ئەم گرووپە، هەرچەندە تا ئێستا لە بەرانبەر سەرزەنشت و هەڕەشە نوێیەکانی پاکستاندا هیچ لێدوانێکی نەداوە، بەڵام پێش کۆتاییهاتنی گفتوگۆکان، وتەبێژی وەزارەتی نێوخۆی ئەم ڕژێمە دوێنێ هۆشداری دا ئەگەر گفتوگۆکان شکست بهێنن،  “هەر هێرشێک بە وەڵامێکی قورسەوە ڕووبەڕوو دەبێتەوە تاکو ببێتە وانەیەک بۆ پاکستان و پەندێک بۆ ئەوانی دیکە”.

موفتی عەبدولمەتین قانع، وتەبێژی وەزارەتی نێوخۆی ڕژێمی تاڵیبان، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ میدیایەکی نێوخۆیی گوتی: “ڕاستە ئێمە چەکی ئەتۆمیمان نییە، بەڵام لە ماوەی بیست ساڵی جەنگدا، نە ناتۆ و نە ویلایەتە یەکگرتووەکان نەیانتوانی دەست بەسەر ئەفغانستاندا بگرن”.

بەپێی ئیدعای بەرپرسانی حکومەتی کۆماری پێشووی ئەفغانستان، وڵاتی پاکستان بیست ساڵ تاڵیبانی دابین و پڕچەک کرد بۆ ئەوەی لە بەرانبەر سوپای ئەفغانستان، هێزە نێودەوڵەتییەکان و ئەمریکا لەم وڵاتەدا بجەنگن، بەڵام ئێستا کە ئەم ئامانجە بەدی هاتووە، “دەستکردەکەی” پاکستان لە بەرانبەر “خێرخوازەکەی”دا هەڵوێستی گرتووە.

دوای پێکدادانی ڕاستەوخۆی پاکستان لەگەڵ تاڵیبان لە هەفتەکانی ڕابردوودا، بەرپرسانی ڕژێمی تاڵیبان بەبێ گوێدانە ڕاستییە مێژووییەکان و ڕۆڵی پاکستان لە دروستکردن، پەروەردەکردن و پشتگیریکردنیان، هەندێک جار هەڕەشەی لەناوبردنی “خێرخواز”ی پێشوویان کردووە.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆک بارزانی لەگەڵ مامۆستایانی ئاینی و پێکھاتە ئاینیەکانی کوردستان کۆبۆوە

سەڵاح

عێراق لە پلەی یەکەمی هاوردەکردنی ئاردی تورکیا دێت

سەڵاح

کەشناسی : پلەکانی گەرما بەرز دەبێتەوە

سەڵاح