عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا دەستپێکردنی یەکەم گەشتی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی مووسڵەوە بۆ بەغدا راگەیاند و بە رووداوێکی مێژوویی وەسفی کرد.
دەخیل بە شەفەق نیوزی راگەیاند: “یەکەم گەشتی هێڵی ئاسمانی عێراقی لە فڕۆکەخانەی مووسڵەوە فڕی، ئەمەش دوای نیشتنەوەی ئەو فڕۆکەیەی کە لە بەغداوە هاتبوو. ئەمە وەک یەکەم گەشتی فەرمی ناوخۆیی بۆ فڕۆکەخانەکە تۆمار دەکرێت لەوەتەی نۆژەنکردنەوە و دەستپێکردنەوەی.”
زیاتر گوتی: “کارەکان بەردەوامن بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی تایبەت بە گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییە پسپۆڕەکان بۆ دەستپێکردنی گەشتە دەرەکییەکان لە نزیکترین کاتدا، بە شێوەیەک کە رۆڵی گرنگی فڕۆکەخانەی مووسڵ وەک دەروازەی نەینەوا بۆ جیهان بگەڕێنێتەوە.” جەختی لەوەش کردەوە کە “ئەم دەستکەوتە ئاواتێکی زۆر لەمێژینه بوو بۆ خەڵکی مووسڵ کە بەدواداچوونیان بۆ قۆناغەکانی ئاوەدانکردنەوە کرد تا ئەمڕۆ بە کردەوە دەستی پێکرد.”

