zagros news agency

پەرلەمانتارێکی ئێران: گرۆسی پاشکۆی ئیسرائیل و ئەمریکایە

ئیسماعیل کەوسەری، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی پەرلەمانی ئێران، بە ماڵپەڕی “دیدەبان”ی ڕاگەیاند کە “ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی، نەک تەنیا لە قسەدا، بەڵکوو لە کرداردا نیشانی داوە کە بریکاری ئیسرائیل و ئەمریکا و پاشکۆیەکی تەواوەتیی ئەوانە.”
کەوسەری لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: “فەتوای ڕێبەریی ئێمە ڕێگرە لەوەی بەرەو دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی بڕۆین.”
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا: “قسەکانی ئەم دواییانەی گرۆسی سەبارەت بەوەی ئێران هێشتا توانای دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی هەیە، درۆیەکی گەورەیە کە ئەو بۆ خۆشیرینکردن لەلایەن زلهێزەکانی جیهانەوە دەیکات تا بتوانێت بگاتە پلەوپایەی بەرزتر.”
کەوسەری بە دیدەبانی ئێرانی گوتی: “ئاژانس هێشتا بەدوای ورووژاندن و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی دەروونیی دژی ئێرانە تا بتوانێت بگاتە داواکارییە نادروستەکەی خۆی.”
ڕافایل گرۆسی، چوار ڕۆژ پێش ئێستا ڕایگەیاند کە ئێران دەبێت بە جددیی هاوکاریی خۆی لەگەڵ پشکنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان باشتر بکات بۆ ئەوەی ڕێگریی لە زیادبوونی گرژیی لەگەڵ ڕۆژاوا بکات.
گرۆسی جەختی کردەوە کە ئێران دوای هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا، نزیکەی هەموو یۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی هێشتا پاراستووە.
ناوبراو بە ڕۆژنامەی “فایننشاڵ تایمز”ی گوتبوو: “زیانەکان قورس بوون، بەڵام بەپێی خەمڵاندنەکانی ئێمە، ئەگەر نەڵێین هەموو، بەڵام زۆربەی یۆرانیۆمی پیتێنراو بە ڕێژەی ٦٠ لەسەد، و هەروەها یەدەگی یۆرانیۆمی ٢٠ لەسەد، ٥ لەسەد و ٢ لەسەد هێشتا لە دەستی ئێران دایە.”

هەواڵی پەیوەندیدار

فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئۆکرانیا، كۆگایه‌كی ته‌قه‌مه‌نی روسیایان ته‌قانده‌وه‌

سەڵاح

مەلا مستەفا بارزانی چاڵنجی هاندەرانی زاخۆی قبوڵکرد و دەنگیدا بە یانەکە

یاسین

شاخەوان عەبدوڵا هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی ڕێباز حەملان ئاشکرا دەکات

یاسین