یەکێتیی زانایانی ئاینیی ئیسلامیی کوردستان جەختی کردەوە کە بەشداریکردن لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا نەک تەنها مافێکی هاووڵاتیبوونە، بەڵکو ئەرکێکی ئاینی و نەتەوەییە لەسەر هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.
لە بەیاننامەیەکدا کە ئهمڕۆ دووشەممە بڵاوی کردەوە، یەکێتیی زانایانی ئاینی داوای لە سەرجەم هاووڵاتییان کرد بە گشتی و دەنگدەران بە تایبەتی، کە بەشدارییەکی کارا لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا بکەن و دەنگی خۆیان بەکاربهێنن بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانی ڕاستەقینەی خۆیان.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: “لە دیدی ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە، هەڵبژاردنی سەرکردە و نوێنەری گونجاو بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری کۆمەڵگا، ئەرکێکی شەرعییە و لێپرسراوێتییەکە دەکەوێتە ئەستۆی هەموو تاکێک. لەسەر ئاستی نەتەوەییش، بەشداریکردن لەم پرۆسەیەدا، پاراستنی کیان و قەوارەی هەرێم و دابینکردنی ماف و ئازادییەکانمانە.”
یەکێتیی زانایان ئاماژەی بەوەشدا کە “هەڵبژاردن دەرفەتێکە بۆ نوێکردنەوەی شەرعییەتی دامەزراوەکان و دەربڕینی ویستی گەل بۆ چاکسازی و پێشڤەچوون. بۆیە، پاشگوێخستنی ئەم ئەرکە، دەکرێت کاریگەریی نەرێنی لەسەر داهاتووی هەرێم و گەلەکەمان هەبێت.”
لە کۆتاییدا، یەکێتیی زانایانی ئاینیی ئیسلامیی کوردستان هانی خەڵکی دا کە بە گیانێکی نیشتمانی و هەستکردن بە لێپرسراوێتی، بەشداریی فراوان لەم هەڵبژاردنانەدا بکەن.

