zagros news agency

لێژنەی باڵای ئەمنی هەرێم داوایه‌كی له‌ هاوڵاتیان كرد

 

لێژنەی باڵای ئەمنی هەرێمی کوردستان بۆ سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا داوای لە هاووڵاتیان كرد کە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە لایەن کۆمیسیۆنی باڵاوە، ڕێگای مەدەنی بۆ دەربڕینی دڵخۆشیان بە سەرکەوتنی حزب و کاندیدەکانیان بگرنە بەر و دوور بکەونەوە لە هەر ڕێگایەکی مەترسیدار و ناشارستانی وەکو تەقەکردن و سەرکێشی هاتوچۆ.

 

ئه‌مه‌ش ده‌قی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌یه‌:

 

بە بۆنەی تەواوبوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پیرۆزبایی لە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەین کە توانیان ئازادانە مومارەسەی مافی سیاسی خۆیان لە دەنگدان و هەڵبژاردنی نوێنەری خۆیان بکەن و ئەزموونێکی دیکەی هەڵبژاردن، وەکو یەکێک لە پایەکانی دیموکراسی، سەربخەن.

دەستخۆشی لە هێزەکانی پۆلیس، پۆلیسی هاتوچۆ، پۆلیسی بەرگری شارستانی، پێشمەرگە و ئاسایش دەکەین کە ماندوونەناسانە پارێزگاریان لە کەمپەینەکانی هەڵبژاردن و بنکەکانی دەنگدان، پرۆسەی هەڵبژاردن بە دەنگدەر و کارمەندانی کۆمیسیۆن و چاودێرەکان کرد و لە سایەی شەونخونی ئەوان و بەهێزی ئیرادەی خەڵک، توانرا ئەو ئەزموونەش بە سەرکەوتوویی تەواو بکرێت.

سوپاس بۆ کارمەندانی کۆمیسیۆن و چاودێرانی ناوخۆیی و دەرەکی و نوێنەرانی کیانە سیاسییەکان کە پێکەوە زەمینەی بە ئازادی بەڕێوەچوونی ئەو خولەی هەڵبژاردنیان ئامادەکرد و بەڕێوە برد.

داوا لە هاووڵاتیان دەکەین کە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە لایەن کۆمیسیۆنی باڵاوە، ڕێگای مەدەنی بۆ دەربڕینی دڵخۆشیان بە سەرکەوتنی حزب و کاندیدەکانیان بگرنە بەر و دوور بکەونەوە لە هەر ڕێگایەکی مەترسیدار و ناشارستانی وەکو تەقەکردن و سەرکێشی هاتوچۆ کە زەمینەی زیانی گیانی و ماددی لێ دەکەوێتەوە و ئەنجامدەرانی رووبەرووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە.

لێژنەی باڵای ئەمنی هەرێمی کوردستان

بۆ سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥

هەواڵی پەیوەندیدار

بەهۆی زیادبوونی بارگرژییەكانی ناوچەكە، ئەمریكا 12 كەشتیی جەنگی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاو دەكاتەوە

سەڵاح

وزیری نێوخۆی تورکیا: فەرماندیەکی پەکەکە لە ئاگری کوژرا

یاسین

لە کەنەدا شۆفێرێک خۆی بەناو فێستیڤاڵێکدا کێشا و کوژراو و بریندار هەیە

سەڵاح