مامۆستایهكی زانكۆی سۆران ئاماژه بهوه دهكات كه ١١/١١/٢٠٢٥ ڕۆژێکی مێژوویی و چارەنووسساز بوو بۆ عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، لەم ڕۆژەدا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو، حزبە کوردستانیەکانیش وەک پڕۆسەیەکی دیموکراسی بەشدارییەکی کارایان هەبوو. یەکێک لەو پارتانەی کە زۆر بەهێزەوە چووە ناو ئەم پڕۆسەیە پارتی دیموکراتی کوردستان بوو ، پارتی بەکۆکردنەوەی زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگ، تەنیا سەرکەوتنێکی ناوخۆیی تۆمار نەکرد، بەڵکو پێگەیەکی بەهێزی لەسەر شانۆی سیاسی عێراقدا مسۆگەرکرد.
فهرههنگ نووری دۆلهمهری، بۆ ئاژانسی زاگرۆس ئهوهی خستهروو: بەدەستهێنانی ئەم ژمارە زۆرەی دەنگە و ئیرادەی بەهێزی هاونیشتمانیان، قورسایی پارتی زیاتر کرد. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە پڕۆسەی سیاسی عێراق لە قۆناغی نوێدا، بەبێ بەشداری و ڕەزامەندی پارتی، ناتوانێت بگاتە سەقامگیری و لێكتێگەیشتنی ڕاستەقینە. ئەوەی پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بکەین هێزی پارتی دیموکراتی کوردستان و هێزی زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگە، بەدەستهێنانی زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگ، تەنیا سەرکەوتنێکی ناوخۆیی نەبوو، بەڵکو پێگەیەکی شایستە بوو بە خەبات و تێکۆشانی پارتی بە درێژایی مێژوو.
راشی گهیاند: ئەم ژمارەیە وای لێدەکات ببێتە گەورەترین حزبی سیاسی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێڕاق، بێجگە لەوەی کە لەناوخۆی هەرێمی کوردستان وەک جەنابی کاک مەسرور بارزانی ئاماژەی پێکرد پارتی بێڕکابەرە، لەسەر ئاستی عێڕاقیش یەکێکە لە سێکوچکە بڕیاردەرەکانی بەغدا. هاونیشتیمانیانی کوردستان متمانەیەکی گەورەیان بە پارتی بەخشیووە، ئەوەش لە ئەنجامی ڕاستگۆیی و ڕەسەنایەتی و شوناسی پارتی بوو لەگەڵ دەنگدەرانی کوردستان.
باسی لهوهشكرد: دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەریخست، پارتی تەنها موڵکی ئەندام و لایەنگرانی نیە بەڵکوو نوێنەرایەتی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان و تەواوی نیشتمانپەروەران و نەتەوەپەرستانی کوردستان دەکات بە سەرجەم چین و توێژەکان بێجیاوازی ئایینی، مەزهەبی، سیاسی و کەلتووری، هێزی یەک ملیۆن دەنگ بە پلەی یەکەم، بریتییە لە متمانەیەکی جەماوەری بەرفراوان بە نەخشەڕێگا و ڕەسەنایەتی و شوناسی پارتی. ئەم ژمارەیە، پەیامێکی ڕوونە بۆ گشت لایەنەکان لە عێراقدا، کە پارتی نوێنەرایەتی زۆرینە و دەنگی ڕاستەقینەی کوردستانیان دەکات. لە ئەنجامدا، ئەم هێزە دەنگییە زەمینەخۆشکەرە بۆ نوێنەرایەتیکردنی کێشە و داواکارییە ڕەواکانی هەرێم بە زمانێکی بەهێزتر و کاریگەرتر.
دۆڵهمهری گوتیشی: “ئەو متمانە زۆرەی کە هاونیشتیمانیانی کوردستان بەسەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینی و کۆمەڵایەتیەکان بە پارتیان بەخشی هێزی ڕاستەقینەی گەلی کوردستانی نیشانی دۆست و نەیاران دا لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق، کە ئیتر پارتی وەک چۆن لە ڕابردوو داکۆکیکاری ڕاستەقینەی گەلی کوردستان بووە، لەم قۆناغەشدا بەهێزتر وبەرپرسیاریەتی زیاترو بە ئیرادەی زیاتر دەتوانێت بەهێزتر و کاریگەرتر نوێنەرایەتی کوردستانیان بکات و پارێزگاری لە کەلتوور و شوناس و مافە زەوتکراوەکانیان لە پێشەنگی کارەکانیدا بێت. دەرئەنجامی دەنگدان دەریخست، پارتی کاریگەرترین و ڕیکخراوترین هێزە هیچ کابینەیەکی حکومی نوێ، سەقامگیری و سەرکەوتن بەدەست ناهێنێت بەبێ بەشداری و ڕەزامەندی پارتی.
ناوبراو پێشی وایه: ئەرکی پارتی لە بەغدا، لە دوای ئەم سەرکەوتنە، لە هەر کاتێکی دیکە قورسترە، بەڵام هاوکات کارتەکانیشی بەهێزترن. بەو پێیەی کە پارتی هێزێکی خاوەن مێژوو، ڕەسەنایەتی و شوناسی گەلی کوردستانی هەڵگرتووە هاوکات ئەرکە سەرەکییەکانیش لەسەر شانی نوێنەرانی پارتی لە پەرلەمانی عێراقدا چڕ دەبنەوە لەوانەش، داکۆکیکردن لە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا و چەسپاندنی مافە داراییەکانی هەرێم، جێبەجێکردنی دەستوور و گوشار خستنە سەر جێبەجێکردنی ئەو بڕگانەی دەستووری عێراق کە پەیوەندی بە مافەکانی گەلی کورد و چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە جێناکۆکەکانەوە هەیە. پاراستنی قەوارەی هەرێم و ڕێگری کردن لە هەر هەوڵێکی مەترسیدار کە بە ئامانجی لاوازکردنی پێگەی دەستووری هەرێمی کوردستان بێت، هێزی زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگ دەبێتە پەیامێکی بەهێز کە پارتی لە دۆخی گفتوگۆی لاوازدا نییە؛ بەڵکو بە هێزێکی سیاسی و جەماوەری گەورەوە کار بۆ چەسپاندنی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازانی ڕاستەقینە دەکات، نەک گوێڕایەڵی و پاشکۆیەتی، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە سەرکەوتنی پارتی لەم هەڵبژاردنەدا، خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان دەکات.
بەخێربێن بۆ قۆناغی نوێ، بەخێر بێن بۆ سەردەمی هێزی زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگ.

