ئەمڕۆ شەممە، 15ـ11-2025، ڕۆژنامەیەکی گاردیانی بەریتانی پلانێکی ئەمەریکای ئاشکرا کردووە کە بەنیازە غەززە دابەش بکات.
ڕۆژنامەی “گاردیان”ـی بەریتانی پلانێکی ئەمەریکا ئاشکرا دەکات، کە دەیەوێت غەززە بەسەر “ناوچەی سوور” و “ناوچەی سەوز” دابەش بکات و لەلایەن هێزە نێودەوڵەتی و ئیسرائیلییەکانەوە پارێزگاریان لێ بکرێت.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەرەتادا هێزە بیانییەکان شانبەشانی سەربازانی ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی غەززە جێگیر دەکرێن.
ئەمەریکا و وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی ڕۆژی هەینی داوایان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد “خێرا بکەن” لە پەسەندکردنی ڕەشنووسی بڕیارنامەی ئەمەریکا کە پشتگیری لە پلانی ئاشتی دۆناڵد ترەمپی بۆ کەرتی غەززە دەکات.
ئەمەریکا، قەتەر، میسر، ئیمارات، سعوودیە، ئیندۆنیزیا، پاکستان، ئوردن و تورکیا لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا پشتیوانیی خۆیان بۆ ڕەشنووسی بڕیارنامەی ئەمەریکا دەربڕی کە باس لە پێکهێنانی هێزێکی نێودەوڵەتی بۆ غەززە دەکات، هیواشیان خواست ئەو بڕیارنامەیە بەزووترین کات پەسەند بکرێت.
بڕیارنامەکە دەسەڵات بە وڵاتان دەدات، هێزێکی کاتی سەقامگیری نێودەوڵەتی پێکبهێنن بۆ کارکردن لەگەڵ ئیسرائیل، میسر و پۆلیسی تازە مەشقپێکراوی فەڵەستین بۆ یارمەتیدانی ئاسایشی ناوچە سنوورییەکان و داماڵینی چەک لە کەرتی غەززە.
ئەم بڕیارنامەیە بە پێچەوانەی ڕەشنووسەکانی پێشووەوە ئاماژەیە بۆ ئەگەری دروستبوونی دەوڵەتی فەڵەستینی لە داهاتوودا.

