zagros news agency

کوژرانی دوو برای کورد لە خۆی بە تەقەی هێزەکانی سوپای پاسداران

 

خۆی، ڕۆژهەڵاتی کوردستان – دوو برای کورد بە ناوەکانی خالیس و یوسف پەروێزی ڕۆژی شەممە، ٢٤ی خەزەڵوەر (١٥ی تشرینی دووەم)، لە ناوچەی سنووریی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کوژران. تەرمەکانیشیان هێشتا ڕادەستی خێزانەکانیان نەکراوەتەوە.

ئاژانسی هەواڵیی کوردپا و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایانگەیاند، ئەو دوو برایە، کە هەردووکیان خێزاندار و خاوەن منداڵ بوون، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە لە کاتێکدا بە ئۆتۆمبێلەوە لە بەشی قەتور لە شارستانی خۆی، نزیک گوندی ئاڵماڵو، لە جووڵەدا بوون، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە ڕاستەوخۆ کراونەتە ئامانجی تەقە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی کوردپا، هێزەکانی سوپا بە گومانی هەڵگرتنی کاڵای قاچاخ دەستیان بە تەقەکردن کردووە. هەنگاویش جەختی کردەوە کە ئەو دوو برایە لە شوێنی ڕووداوەکەدا گیانیان لەدەست داوە و هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا تەرمەکانیان گواستووەتەوە و لە ڕادەستکردنیان بە خێزانەکانیان خۆیان بواردووە.

ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام شاهیدی ڕووداوی لەم جۆرەن، کە تێیدا هاووڵاتییانی کورد، بەتایبەت کۆڵبەران، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەبنە قوربانی. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەردەوام داوای لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە لە بەرپرسانی ئەم جۆرە ڕووداوانە دەکەن، بەڵام زۆرجار بێ ئەنجام دەبێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆکێ حکومەتێ سەرەدانا پێشمەرگە و خەباتکارێ بەرنیاس خالد شلی کر

یاسین

سەرۆك بارزانی لەگەڵ چین و توێژ و كەسایەتییەكانی زاخۆ كۆبووەوە

سەڵاح

بكوژی هاووڵاتییەكەی خورماڵ دەستگیر كرا

سەڵاح