بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵیی ئیلنا، سەرباری ئەوەی ئێران دەوڵەمەندە بە شوێنەوارە مێژووییەکان و ناوەندە گرینگەکانی گەشتیاریی، بەهۆی بڵاوبوونەوەی بەردەوامی هەواڵی ئەگەری سەرهەڵدانەوەی شەڕی ئیسرائیل و ئێران، لاوازبوونی توانای ئابووریی خەڵک و بەرزبوونەوەی تێچووی گەشتکردن، ڕێژەی سەردانیکردنی گەشتیاران لە بەشێک لە پارێزگاکانی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، شاری شیرازی پارێزگای فارس کە پێشتر وەک قەرەباڵخترین شوێنی گەشتیاریی وڵاتەکە دەناسرا، ئێستا هۆتێل و شوێنەکانی مانەوەی گەشتیاران تێیدا چۆڵن و بەشی زۆری کۆمپانیا گەشتیارییەکانیش ناچار بوونە نووسینگەکانیان دابخەن. حەسەن سەیادتان، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی خاوەن هۆتێلەکانی پارێزگای فارس، دەڵێت قەرەباڵخیی نێو هۆتێلەکان ٣٠٪ بۆ ٣٥٪ دابەزیوە و ژمارەی هاتنی گەشتیارانی بیانییش بۆ پارێزگاکە گەیشتووەتە سفر. دەشڵێت، خەڵکی نێوخۆی ئێران بەهۆی کێشەی ئابوورییەوە توانای گەشتکردنیان نییە.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان کە ئێران ماوەیەکی درێژە لە ژێر گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکادایە و بەردەوام گرژیی لەگەڵ ئیسرائیل و وڵاتانی ڕۆژاوا هەیە. کەرتی گەشتیاریی ئێران، کە یەکێکە لە سەرچاوە گرینگەکانی داهات و ناساندنی کەلتووری وڵاتەکە، بەهۆی ئەم گرژییە سیاسی و ئابوورییانەوە زیانێکی زۆری پێ گەیشتووە و کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان دروست کردووە.

