ئاندریوس کوبیلیوس، کۆمیسیاری کاروباری بەرگریی یەکێتیی ئەوروپا، ڕایگەیاند وڵاتانی ئەندامی ئەم یەکێتییە ئامادە نین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی کاریگەر لەگەڵ هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕووسیا و دەبێت توانایەکانی “تاقیکراوە لە مەیدانی شەڕ”ی ئۆکراینا بۆ پاراستنێکی باشتر لە خۆیان بەکار بهێنن. ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە یەکێتیی ئەوروپا هەوڵدەدات کەموکوڕییەکانی بەرگریی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆی پڕ بکاتەوە، دوای ئەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی ناتۆ لە مانگی ئەیلوولدا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕووسییان لەسەر ئاسمانی پۆڵەندا خستە خوارەوە.
ئاندریوس کوبیلیوس ڕۆژی دووشەممە لە میانەی وتارەکەیدا لە ڤیلنیوس، پایتەختی لیتوانیا، گوتی: “بۆچی زیاتر لە دوو ساڵی خایاند و پێویست بوو ڕووسیا بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دژی پۆڵەندا و هەروەها دژی وڵاتانی باڵتیک و ڕۆمانیا هاندەرمان بێت تا تێبگەین کە ئێمە ئامادە نین بۆ ناسینەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ڕووسیا و لەناوبردنیان بە شێوازێکی کەم تێچوو؟”
ئەم بەرپرسە باڵایەی یەکێتیی ئەوروپا لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە ئامادەییی بەرگریی ٢٧ وڵاتی ئەندامی ئەم یەکێتییە گوتی: “ڕووسەکان فێردەبن. ئایا ئێمەش فێردەبین؟”
ناتۆ هێزی یارمەتیدەری بۆ ڕۆژهەڵاتی یەکێتیی ئەوروپا ناردووە و بڕیارە دوای چوونە نێو ئاسمانی پۆڵەندا لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ڕووسیاوە، سیستەمی بەرگریی زیاتری دژی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان جێگیر بکات.
یەکێتیی ئەوروپاش ڕایگەیاندووە کە بەدوای دروستکردنی سیستەمێکی بەرگریی دژی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندایە، بەڵام وردەکارییەکانی هێشتا نادیارن و جێبەجێکردنی هەر پلانێکیش پێدەچێت چەندین ساڵ بخایەنێت.
ئاندریوس کوبیلیوس جەختی کردەوە کە وڵاتانی ئەوروپا هەوڵدەدەن دواکەوتوویی خۆیان قەرەبوو بکەنەوە. بە گوتەی ئەو، ئەوروپا دەبێت ئۆکراینا و سوپا ٨٠٠ هەزار کەسییەکەی ئەم وڵاتە کە ئەزموونی شەڕی بەدەست هێناوە، وەک بەشێکی سەرەکیی بەرگریی فراوانتری خۆی لەبەرچاو بگرێت.
کۆمیسیاری کاروباری بەرگریی یەکێتیی ئەوروپا گوتی: “ئەگەر ئەم کارە نەکەین، هەڵەیەکی مێژوویییمان کردووە کە ئێمە لاوازتر دەکات و ئۆکرایناش لاوازتر دەکات.”
هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی بنکەی بەرگریی یەکێتیی ئەوروپا لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوە هەواڵگرییەکانی ئەوروپا هۆشداریدەدەن ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، لەوانەیە لە ساڵانی داهاتوودا و لە ئەگەری کۆتاییهاتنی شەڕی ئۆکراینا، بیری لە هێرشکردنە سەر وڵاتێکی ئەندامی ناتۆ بکاتەوە.

