کۆشکی سپی ڕایگەیاند، حکوومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستی بە ڕێکارە سەرەتایییەکان کردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی وەزارەتی پەروەردە و گواستنەوەی بەرنامە سەرەکییەکانی ئەو وەزارەتە بۆ چوار وەزارەتی دیکە، بەبێ ئەوەی پێویستی بە پەسەندکردنی کۆنگرێس هەبێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی ڕۆژی سێشەممە ١٨ی نۆڤەمبەر، ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی وەزارەتی پەروەردە دابەش دەکرێن بەسەر وەزارەتەکانی کار، دەرەوە، تەندروستی و نێوخۆدا.
لە چوارچێوەی پێکهاتە نوێیەکەدا:
وەزارەتی کار: ئەرکی بەڕێوەبردنی بەرنامەکانی قوتابخانە سەرەتایی و ناوەندییەکان دەگرێتە ئەستۆ، کە بریتییە لە پاڵپشتیکردنی منداڵانی بێبەش، زیانلێکەوتوو و بێماڵ، هەروەها پەروەردەی هونەری. ویلایەتەکان بودجەی پاڵپشتی لە ڕێگەی ئەم وەزارەتەوە وەردەگرن.
وەزارەتی نێوخۆ: بەرنامەکانی خوێندنی دانیشتووانی ڕەسەن (بومی) دەگرێتە ئەستۆ.
وەزارەتی دەرەوە: بەرپرسیارێتیی بەرنامەکانی خوێندن و زمانی خوێندکارانی نێودەوڵەتی لە ئەستۆ دەگرێت.
لیندا مەکماهۆن، وەزیری پەروەردە، لە مانگی ئازاردا وەک بەشێک لە کۆتاییهێنان بە کارەکانی وەزارەتەکە، دەرکردنی زیاتر لە ١٣٠٠ فەرمانبەری ڕاگەیاندبوو. یەکێتیی مامۆستایان (AFT) نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە کە دابەشکردنی ئەرکەکان دەبێتە هۆی سەرلێشێواویی زیاتر و دروستبوونی ئاستەنگی کارگێڕی. هەروەها بەشێک لە ئەندامانی کۆنگرێس هۆشدارییان لە دەرەنجامەکانی ئەم بڕیارە داوە.

