zagros news agency

لە عێراق، دوو مانگە ساڵی نوێی خوێندن دەستی پێكردووە و هێشتا قوتابییان كتێبی وانەکانیان وەرنەگرتووە

 

دوای تێپەڕبوونی دوو مانگ بەسەر دەستپێکی ساڵی خوێندن و تەواوبوونی تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەم، قوتابیانی قۆناغی کۆتایی بەتایبەت ئەوانەی لە پۆلی دوازدەی بنەڕەتیین لە عێراق، هێشتا پەرتووکی ئینگلیزی و بەشێک لە پەرتووکەکانی مەنهەجی نوێی خوێندنیان وەرنەگرتووە. ئەمەش ناچاری کردوون پشت بە نوسخە ئەلیکترۆنییە چاپکراوەکانی (PDF) ببەستن.

ئەوانەی پەیوەندییان بە کاروباری پەروەردەییەوە هەیە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم کێشەیە هەم قوتابی و هەم دایک و باوکانی نیگەران کردووە و سەبارەت بەو فشارە داراییە زیادەیە. بەشێک لە دایک و باوکانی قوتابیان بە (شەفەق نیوز)یان ڕاگەیاندووە: قوتابیان ناچارن کۆپی لە کتێبفرۆشییەکان بکڕن، ئەمەش بارگرانی دارایی زیاتر زیاد دەکات، لە کاتێکدا قوتابیان خۆیان لە نادڵنیایی بەردەوامدا دەژین لەنێوان بابەتی ساختە و مەنهەجی فەرمیدا.

هاوکات مامۆستایان سەرسوڕمانی خۆیان دەربڕیوە، بەتایبەتی لە ساڵانی کۆتایی قۆناغی ناوەندیدا، چونکە بەزەحمەت جیاوازی لە نێوان وەشانی دروست و ساختەدا دەکەن.

ئەحمەد ئەلکینانی، مامۆستای زمانی ئینگلیزی بە ئاژانسی هەواڵی (شەفەق نیوز)ی ڕاگەیاندووە: “هەموو ڕۆژێک شاهیدی بەڵگەی نوێ دەبین لەسەر خراپی پلاندانان لە چارەنووسسازترین قۆناغدا کە منداڵەکانمان پێیدا تێدەپەڕن، لە پۆلی دوازدەی بنەڕەتی.“

گوتیشی:”ئەمە قۆناغێکە کە داهاتووی قوتابی و تەواوی ژیانی داهاتووی دیاری دەکات.“

ئەلکینانی ئاماژەی بەوەش داوە، گۆڕانکاری لە مەنهەج لە کاتێکی نەگونجاودا هاتووە، بەبێ هیچ ئامادەکارییەک و تەنانەت یەک کتێبیش چاپ ناکرێت، نیوەی ساڵ نزیکە، چۆن قوتابیان بەبێ سەرچاوە بمێننەوە؟ چۆن خێزانەکان دەتوانن خۆیان ئامادە بکەن لە کاتێکدا تەنانەت نازانن لە کوێوە دەست پێبکەن؟”

ناوبراو ڕوونیشی کردووەتەوە،: “دواتر ئەم گۆڕانکارییە ناڕوونە دێتە ئاراوە، کە ئامانجەکەی تێناگەین، جگە لە زیادکردنی بارگرانییەکی نوێ بۆ قوتابیان لە ماوەی ئەو ساڵەی کە لە ئێستاوە قورسترین ساڵی خوێندنە.“

ئەلکینانی لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: “سەیرترین شت ئەوەیە کە وەزارەت داوای کردووە قوتابیان لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە مادەکان کۆپی بکەن! کەواتە کوا خوێندنی بێبەرامبەر کە دەستوور گەرەنتیی کردووە؟ ئەی ئەو هەزاران قوتابییەی لەو ناوچانەدان کە تەنانەت ئینتەرنێتیشیان نییە، ئەوان چی بكەن؟”

ئاماژەی بەوەش کردووە: “گەڕەلاوژە بووەتە نەریت، تەنانەت هەندێک دەڵێن گەڕەلاوژەیەکی بە ئەنقەستە بۆ پاڵنانی قوتابیان بەرەو زانکۆ ئەهلییەکان کە لەلایەن سیاسەتمەدارانەوە کۆنترۆڵ کراون.“

جێی باسە، لە سەرەتای ساڵی خوێندنەوە ئەم بابەتە بووەتە باسی میدیا عێراقییەکان، تەنانەت گەیشتووەتە بەردەم پەرلەمان، بەڵام لایەنی پەیوەندیدار هیچ هەنگاوێکی بۆ چارەسەرکردنی نەداوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆکی حکومەت: ئامانجی سەرەکیمان خزمەتکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە

سەڵاح

مەنسور بارزانی: داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەم پێشمەرگە ئاسا بچنە دەنگدان

سەڵاح

گەڕی دووهەمی هەڵبژاردنەکانی ئێران هەینی داهاتوو ئەنجام دەدرێت

سەڵاح