بەرپرسێكی وەزارەتی ئەوقاف رای دەگەیەنێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕی دوو ملیار و 805 ملیۆن دیناری بۆ حاجیانی ساڵی داهاتوو دابین كردووە.
ئەمرۆ دووشەممە 24ی تشرینی دووەمی 2025، نەبەز ئیسماعیل وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی، رایگەیاند، بەپێی ئەو رێژەیەی دیاری كراوە بۆ كوردستان، ساڵی داهاتوو پێنج هەزار و 120 حەجخواز لە كوردستانەوە بۆ جێبەجێكردنی فەریزەی حەج، ڕوو لە سعوودیە دەكەن.
وتیشی، بۆ پاڵپشتی حاجیان حكومەت دوو ملیار و 805 ملیۆن دیناری وەك پاڵپشتی بۆ پرۆسەی حەج دابین كردووە.
روونیشیکردەوە، ئەگەر پاڵپشتی حكومەتی هەرێمی كوردستان نەبوایە، هەر حاجییەك زیاتر لە حەوت ملیۆن و 300 هەزار دیناری لەسەر دەبوو، ئەو فیدیەی حاجیان لە كاتی بەجێهێنانی فەریزەی حەج پێشكەشی دەكەن، وەزارەتی ئەوقاف لەسەر ئەركی خۆی بۆ هەموو حاجیان پێشكەشی دەكات، كە بۆ هەر حاجییەك نزیكەی 200 دۆلار دەكەوێت.

