بۆ ئەو فەرمانبەر و مامۆستایانەی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا كە كارمەندی رۆژی دەنگدان بوون لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، سوپاسیان پێ دەدرێت و سەرمووچەیان پێش دەخرێت.
بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ئیمزای وەزیری پەروەردە، 18هەزار و 941 مامۆستا و فەرمانبەری وەزارەتی پەروەردە رێز و سوپاسیان پێ دراوە.
لە نووسراوەكەدا جەخت كراوەتەوە كە ئەو سوپاسە لە بەرامبەر بەشداریكردنیانە لەسەر سندووقەكانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی 2024ی پەرلەمان كوردستان.
لە لایەكی دیكەوە بە نووسراوێك وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سوپاس و پێزانینی ئاراستەی سەرجەم ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانە کردووە کە میلاکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستین و لە رۆژی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان کارمەندی سەر سندووقی دەنگدان بووون.
جەخت كراوەتەوە، ئەو سوپاس و پێزانینە مانگێك پێشخستن (قیدم)ی پێدەکرێت و ناوەکانیش بە (CD) بۆ زانکۆکان و فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا رەوانە كراون.
هەر سوپاسنامەیەك كە لەلایەن وەزیری پەیوەندیدارەوە دەدرێتە فەرمانبەر، وا دەكات بەستنی سەرمووچەی مانگێك پێشبخرێت.
ساڵانە فەرمانبەران سەرمووچەیان پێ دەدرێت كە بەپێی ناونیشان و خزمەت بڕی پارەكە جیاوازیی هەیە و دەچێتە سەركۆی گشتیی مووچەیان.
بەپێی رێنوێنیی ژمارە 18ی دارایی كە لە ساڵی 2016 دەرچووە، هەر رێز و سوپاسێك مانگێك پێشخستنی پلەی بۆ دەكرێت، هەروەها فەرمانبەر بۆی هەیە ساڵانە سێ سوپاس وەربگرێت.

