zagros news agency

هێزەکانی ئاسایشی سووریا قەدەغەی هاتووچۆیان لە حومس درێژ کردەوە

 

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سووریا لە حومس، قەدەغەی هاتووچۆیان تا کاتژمێر ٥ی ئێوارەی ئەمڕۆ لە گەڕەکەکانی عەباسییە، ئەرمەنییە، موهاجیرین، زەهرا، نوزهە، عیکرەمە، نەزیهین، عەشیرە، زەیدەل، کەرەمو‌زەیتوون، کەرەمول‌لەوز، حەیی وروود و ناوچەی نیشتەجێبوونی پۆلیس درێژ کردەوە.

ئەم فەرمانگەیە داوای لە دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە کرد، بۆ زامنکردنی ئاسایشی خۆیان و ئاسانکاری بۆ تەواوکردنی ئۆپەراسیۆنە مەیدانییەکان، پابەندی بڕیارەکە بن.

ئەم بڕیارە دوای کوژرانی ژن و مێردێک دەرچوو کە دۆخی ئەمنیی ئاڵۆز کردووە و ڕووداوەکەی بەرەو لایەنی تایفەگەری بردووە.

نوورەدین ئەلبابا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، بوونی هەرچەشنە بەڵگەیەکی ماددیی سەبارەت بەوەی تاوانەکەی حومس تایفەگەری بێت، ڕەت کردەوە. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە، لێکۆڵینەوە سەرەتایییەکان دەریدەخەن نووسراوەکانی سەر دیوار لە شوێنی تاوانەکە، بە مەبەستی بەلارێدابردنی خەڵک لەوێ دانراون.

ئەلبابا ڕوونی کردەوە، وەک بەشێک لە کارە بەردەوامەکان، هەموو ئەگەرەکان بۆ فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی تاوان لە حومس لە ئارادان.

ئاماژەی بەوەش دا، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە حومس، بە دڵسۆزی، بێ‌لایەنی و شەفافییەت درێژە بە لێکۆڵینەوەکانیان دەدەن بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی تێوەگلاون.

ئەلبابا گوتیشی: “ئەو ڕووداوانەی لە شارەکە بینراون، ئەنجامی کەڵەکەبوونی کێشەکانی پێشوون” و هێرشکردنە سەر موڵک و ماڵی بە ڕوونی ڕەت کردەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ ئەم تاوانەی بە تاوانکاریی ئاسایی وەسف کرد و گوتی: “هەوڵەکان بۆ پێشاندانی ڕووداوەکە وەک کێشەی تایفەگەری، بە ئامانجی داپۆشینی بکەرانی ئەنجام دراوە.”

لە هەمان کاتدا هۆزەکانی حومس دوای ڕووداوی کوژرانی گەنجێک و هاوسەرەکەی لە شارۆچکەی زەیدەل، هۆشدارییان لە هەڵگیرسانی شەڕی تایفەگەری دا و جەختیان لە پێویستیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی پارێزگاکە کردەوە. هۆزەکانی بەنی خالید لەگەڵ کەسایەتییە دیارەکان و شێخەکانی پارێزگاکە لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا، ئەم تاوانەیان ئیدانە کرد و ئەنجامدانەکەیان بە نامرۆڤانە وەسف کرد. جەختیشیان لەوە کردەوە، بەکارهێنانی گوتاری هاندەرانە و هەڵگیرسانی ناکۆکیی تایفەگەری و نوقمکردنی ناوچەکە لە گرژییە ئەمنییەکاندا، ئامانجی بکەرانی ئەم تاوانە دەخاتە ڕوو.

ئەم هۆزانە داوایان لە دەسەڵاتداران کرد بکەرانی تاوانەکە دەستنیشان بکەن و ڕادەستی دادگایان بکەن. هەروەها وێڕای جەختکردنەوە لە پشتیوانیی تەواوی خۆیان بۆ حکوومەت و ڕێکارە ئەمنییەکان، داوایان لە خەڵکی حومس کرد دان بە خۆیاندا بگرن و بە تەواوی پابەندی ڕێنماییەکانی دەسەڵاتدارانی پێوەندیدار بن.

هەواڵی پەیوەندیدار

بڕیارێکی نوێ لە وەزارەتی پەروەردەوە

یاسین

کەشناسی : پلەکانی گەرما کەمێک نزم دەبێتەوە

سەڵاح

شاندێکی باڵای ئەنەکەسە گەیشتە دیمەشق

سەڵاح