بەرپرسی ناوچەیەكی پارتی دیموكراتی كوردستان بە فەرمی ئاشكرای كرد كە ئەو رۆژنامەنووسەی لە دوێنێوە لە گەرمیان دیار نەماوە، لە لایەن هێزێكی ئەمنیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە دەستگیر كراوە.
رێبوار مستەفا كوردە، بەرپرسی ناوچەی گوڵانی پارتی لە كەلار لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە: ”کاروان کەلاری لە لایەن هێزێکی ئەمنیی شاری کەلارەوە دەست بەسەر كراوە، ئاگادارین لە کوێیە و دەخوازین هەرچی زووترە ئازاد بکرێت.“
ئەمە لە كاتێكدایە كە تاوەكوو ئێستا هێزە ئەمنییەكانی یەكێتی لە گەرمیان هیچ زانیارییەكی فەرمییان لەبارەی هۆكاری دەستگیركردنی كاروان كەلاری ئاشكرا نەكردووە.
کاروان کەلاری جگە لەوەی کادیرێکی پێشکەوتووی پارتییە، یەکێکە لە ڕۆژنامەنووسە چالاکەکانی شاری کەلار و بەردەوام چەندین دۆسیەی گەندەڵیی پەیوەست بە ژیان و تەندروستیی هاووڵاتییانی ئاشکرا کردووە.”

