دامەزراوەی نێودەوڵەتیی پۆلێنکردنی باوەڕپێکراوی فیتچ (Fitch)، عێراقی خستووەتە ناو پلەی نۆیەمی جیهانی لە ئاستی (بی ماینەس -B) سەبارەت بە دراوی بیانی. ئەمەش وەك ئاماژەی پێداوە، ڕەنگدانەوەی تێکەڵەیەکە لە لاوازیی حوکمڕانی و پشتبەستنی زۆری بە نەوت، لەبەرامبەر یەدەگی گەورەی دراوی بیانی.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ڕێژەی کورتهێنانی دارایی لە بەرهەمی ناوخۆیی گشتیدا لە ساڵی ٢٠٢٥ فراوانتر دەبێت، بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت، لەگەڵ پێشبینیی بەرزبوونەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ ٤.٣ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا تا ساڵی ٢٠٢٧. هەروەها، درەنگکەوتنی پێکهێنانی حکوومەت بەهۆی نەبوونی براوەی زۆرینە، دەبێتە هۆی دواخستنی بودجەی ٢٠٢٦.
هاوكات ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی هەواڵی ئابووریی ئەمریکی، (ئینڤێستینگ Investing)، كە لەلایەن رۆژنامەی (ئەلمەدا)ی عێراقی وەرگێڕانی بۆ كراوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئاژانسی (فیتچ بۆ پۆلێنکردنی باوەڕپێکراو)، پۆلێنی باوەڕپێکراوی عێراقی بۆ دراوی بیانی لە ماوەی درێژخایەندا لە ئاستی (بی ماینەس -B) جێگیر کردووە، لەگەڵ ڕوانگەیەکی جێگیر. ئەو ئاژانسەشیان ئاماژەی بەوە کردووە کە وڵاتەکە زۆر پشت بە کاڵا سەرەکییەکان دەبەستێت و حوکمڕانییەکی لاوازی هەیە لەبەرامبەر یەدەگی گەورەی دراوی بیانی.
عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو پشت بە نەوت دەبەستێت کە نزیکەی ٤٠%ی بەرهەمی ناوخۆیی و ٩٠%ی داهاتی حکوومەت پێکدەهێنێت.
ئاژانسی فیتچ پێشبینی دەکات کە ئاستی ئابووریی عێراق بە شێوەیەکی سەرەکی بەستراو بێت بە ناجێگیریی نرخی نەوتەوە، لەگەڵ پێویستی بۆ چاکسازیی پێکهاتەیی کە هەمەچەشنی ئابووری بەهێز بکات و کارایی خەرجیی گشتی باشتر بکات
ئەم پۆلێنکردنە ڕەنگدانەوەی لاوازیی پێوەرەکانی حوکمڕانییە لە عێراقدا، چونکە دەکەوێتە ناو پلەی نۆیەمی جیهانی بە بەراورد لەگەڵ تێکڕای وڵاتانی هاوشێوە کە ٣٦%ە. ئەم لاوازییە پەیوەستە بە ناجێگیریی دامەزراوە سیاسییەکان و نزمبوونی کارایی حکوومەت.
عێراق لەم دواییانەدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەنجام دا، بەبێ ئەوەی هیچ کوتلە یان هاوپەیمانییەک زۆرینەی کورسییەکان بەدەست بهێنێت کە مەرجی پێکهێنانی حکوومەتیان هەبێت. دامەزراوەی فیتچ پێشبینی دەکات کە ئەم دۆخە ببێتە هۆی پرۆسەیەکی درێژخایەن لە پێکهێنانی حکوومەت و بەمەش دواکەوتن لە پەسەندکردنی بودجەی ٢٠٢٦ ڕوودەدات.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی عێراق ئابوورییەکی پشت بە نەوت بەستووە، کە ئەم سێکتەرە نزیکەی ٤٠%ی بەرهەمی ناوخۆیی گشتی و ٩٠%ی داهاتی حکوومەت و زۆربەی هەناردەکان پێکدەهێنێت، بەرهەمهێنانی نەوت لە ساڵی ٢٠٢٤دا بە ڕێژەی ٦% کەمی کردووە و گەیشتووەتە ٣.٨ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

