یەکێتیی ئەورووپا وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قووڵ، بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆری کرد و بە مەترسیی بۆ سەر تەواوی هاووڵاتییانی عێراق وەسفی کرد.
لە ڕاگەیەندراوێکدا یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند: “زۆر نیگەرانین لەو هێرشەی کە دوێنێ لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە(درۆن) کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستانی عێراق.”
یەکێتییەکە هۆشداری دەدات کە ئەم هێرشانە تەنها زیان بە دامەزراوەکان ناگەیەنن و دەڵێت: “بە توندی ئیدانەی ئەم هێرشانە دەکەین کە دەکرێنە سەر ژێرخانی وزەی مەدەنی، چونکە لێکەوتەکانی کاریگەریی لەسەر هاووڵاتییان لە ناوچە جیاوازەکانی وڵات و سەرانسەری عێراق دەبێت.”
لە کۆتایی پەیامەکەدا، یەکێتیی ئەورووپا جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەردەوام دەبن لە هەماهەنگی، وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “پابەندبوونی خۆمان دووپات دەکەینەوە بۆ بەردەوامیدان بە هاوکاریکردن لە نزیکەوە لەگەڵ حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەپێناو بەرقەرارکردنی ئاسایش، ئارامی و چاکسازی لە بەرژەوەندیی عێراق و ناوچەکە.”

