هەڵۆ عەسکەری، وەزیری ژینگەی عێراق ڕایگەیاند، بەغدا بەهۆی زبڵ و پیشەسازییە ناوخۆییەکانەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورەی ژینگەیی بووەتەوە.
هەڵۆ عەسکەری، وەزیری ژینگەی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، “شوێنی فڕێدانی زبڵ لە نەهرەوان و ئەلنەبەعی هۆکاری پیسبوونی ژینگەی بەغدایە، ئەمەش لە ئەنجامی پابەندنەبوونە بە ڕێکارە تەندروستییەکان.”
ئاماژەی بەوەشکرد، “وەزارەتەکە بە هاوکاری پۆلیسی ژینگە 213 شوێنی توانەوەی کانزاکانی داخستووە، هەروەها 241 کارگەی خشت لە نەهرەوان هەن کە بوونەتە هۆی پیسبوونی هەوا، و 30 یان داخران.”
وەزیری ژینگەی عێراق گوتیشی: “داتای ڕێکخراوە بیانییەکان سەبارەت بە ئاستی پیسبوون لە بەغدا نادروستن.”
هەر لەو چوارچێوەیەدا فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا دوێنێ دووشەممە، داخستنی زیاتر لە 270 کارگەیان ڕاگەیاند کە سەرپێچی ڕێساکانی ژینگەییان کردووە، ئەمەش بەمەبەستی کەمکردنەوەی پیسبوونی هەوای بەغدایە.

