لەگەڵ توندبوونەوەی گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و کاراکاس، دۆناڵد ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پەیامێکی ڕاشکاوانە و هەڕەشەئامێزی ئاراستەی نیکۆلاس مادۆرۆ کردووە و پێشنیازی “ڕێڕەوی پارێزراو”ی بۆ کردووە، تاوەکو خۆی و خێزانەکەی بە سەلامەتی بچنە وڵاتێکی وەک ڕووسیا یان هەر وڵاتێکی تر کە خۆی دەیەوێت، لە بەرامبەر دەستبەرداربوونی دەستبەجێ لە دەسەڵات. ئەو مۆڵەتە یەک هەفتەییەی کە بۆ مادۆرۆ دانرابوو بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی بدات، لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمدا تەواو بوو و ناوبراو پابەندی مۆڵەتەکە نەبوو، هاوکات ئامادەش نەبوو دەستبەجێ دەست لەکار بکێشێتەوە.
مادۆرۆ لە گفتوگۆکاندا ڕەتی کردەوە بێ مەرج تەسلیم ببێت و چەند مەرجێکی قورسی خستە بەردەم ئەمریکا، لەوانە دەرکردنی بڕیاری لێخۆشبوونی یاسایی تەواو بۆ خۆی و خێزانەکەی و ڕاگرتنی هەموو دۆسیەکان لە دادگاکانی ئەمریکا و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، هەروەها لابردنی سزاکان لەسەر نزیکەی سەد بەرپرسی باڵای ڤەنزوێلا و کردنەوەی دەستیان بۆ سەروەت و سامانەکانیان. یەکێکی دیکە لە داواکارییە هەستیارەکان ئەوە بوو کە تەنانەت ئەگەر دەسەڵاتی سیاسی جێبهێڵێت، دەبێت کۆنترۆڵی سوپا لە دەست هێزەکانی خۆیدا بمێنێتەوە و ماوەی هەژدە مانگیش لە دەسەڵات بمێنێتەوە پاشان دەست لەکار بکێشێتەوە.
لە بەرامبەردا ئیدارەی ترەمپ زۆربەی مەرجەکانی ڕەتکردەوە، بەتایبەت ئەو مەرجەی کە داوای مانەوەی دەسەڵاتی سوپای دەکرد، چونکە واشنتۆن پێی وایە مانەوەی سوپا بەدەست مادۆرۆوە واتای ئەوەیە گۆڕانکاری ڕاستەقینە ڕوونادات، بۆیە وەڵامەکەیان تەنها ئەوە بوو کە دەبێت دەستبەجێ بڕوات.
دوای ئەوەی مادۆرۆ نەچووە ژێر بار، قۆناغی دووەمی فشارەکان دەستیپێکردووە و ترەمپ ڕایگەیاندووە کە ئاسمانی ڤەنزوێلا بە “ناوچەی دژەفڕین” و داخراو دادەنرێت، هاوکات هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا لە دەریای کاریبی و نزیک سنوورەکانی ڤەنزوێلا جێگیر کراون. لە ئێستادا دۆخەکە لە لێواری تەقینەوەدایە و ئەگەری بەکارهێنانی هێزی زەمینی هەیە بۆ دەستگیرکردنی ئەوانەی بە تێوەگلان لە بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان تۆمەتبار کراون، ئەمەش وایکردووە کۆشکی سەرۆکایەتی ڤەنزوێلا بکەوێتە بەردەم مەترسییەکی جدییەوە.

