zagros news agency

لقەکانی بانکی ڕافیدەین لە دەرەوەی عێراق بەهۆی کێشە و سەرپێچییەوە دادەخرێن

 

ئەمڕۆ دووشەممە، (8ی12ی2025) چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار  ئاشکرایان کرد، کە لقی بانکی ڕافیدەینی عێراق لە شاری ئەبوزەبی پایتەختی ئیمارات، بەهۆی کێشەی کارگێڕی و سەرپێچی دارایی و پێشێلکارییەوە داخراون.

 

ئەو سەرچاوانە بە ئاژانسی (شەفەق نیوز)یان ڕاگەیاندووە:”نیگەرانی هەیە لە کاردانەوەی ئەم پێشێلکارییە بەردەوامانە لەسەر مامەڵەکانی بانکەکە و ناوبانگی نێودەوڵەتی بانکەکە”.

 

ئاماژەیان بەوەشکردووە:” کێشەکان تەنیا لە لقی ئەبوزەبیدا سنوردار نین، بەڵکوو ژمارەیەک لە لقەکانی بانکەکە لە دەرەوەی وڵاتەکە، بەهەمان شێوە بەدەست پلە جیاوازەکانی سەرپێچی کارگێڕی و داراییەوە دەناڵێنن”.

 

لەلایەکی دیکەوە، وەزیری ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری و گەشتوگوزاری یەمەن، موعەمەر ئەلئیریانی، سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ داخستنی لقەکانی بانکی ڕافیدەینی سەر بە دەوڵەتی عێراقی لە شاری سەنعا ڕاگەیاند.

 

ئەلئیریانی لە پۆستێکیدا لە ماڵپەڕی ئێکس ڕایگەیاند، بڕیاری بانکی ڕافیدەینی عێراق بۆ داخستنی لقەکەی لە شاری سەنعا و ڕاگرتنی کارە دارایی و بانکییەکانی “هەنگاوێکە بە ئاراستەیەکی ڕاست و دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی هەوڵە نێودەوڵەتییەکانە کە ئامانج لێی بڕینی سەرچاوەی داراییە بۆ  حوسییەکان”.

 

ناوبراو ئاماژەی بەوەش داوە،  کە ئەم ڕێوشوێنه ” ڕەنگدانەوەی وەڵامێکی ئیجابییە  گوشارەکانی ئەمریکا، و پەیامی ڕوونیش بۆ دامەزراوە داراییە ناوچەی و نێودەوڵەتییەکانی دیکە دەنێرێت لەبارەی پێویستی پێداچوونەوە بە چالاکییەکانیان و دڵنیابوونهوە لەوەی کە بەکارنەهێنراون بۆ خرمەتی کارنامەکانی  ئێران و بریکارەکانی لەناوچەکەدا”.

 

ئەلئیریانی، جەختی لەوەش کردووەتەوە کە “حوسییەکان دامەزراوە دارایی و بانکییەکانیان گۆڕیوە کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیاندا کاردەکەن بۆ ئامرازێک بۆ تاڵانکردنی پارەی یەمەن و دابینکردنی دارایی چالاکییە تیرۆریستییە سنوورییەکانیان”.

 

جێی باسە، مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو (جۆ ویلسۆن) ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا بانکی ڕافیدەینی  تۆمەتبار کرد بەوەی مامەڵەی دارایی لەگەڵ میلیشیاکانی حوسییەکان لە یەمەن ئەنجامداوە و هەڕەشەی بڕینی هەر هاوکارییەکی ئەمریکای بۆ عێراق کرد”.

 

ویڵسن لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس (تویتەری پێشوو) نووسیویەتی “بانکی ڕافیدەین کە سەر بە دەوڵەتی عێراقە، لەگەڵ  حوسییەکان کە ڕێکخراوێکی تیرۆریستییە، مامەڵەی دارایی ئەنجام دەدات”.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، “ئێمە زاراوەیەکمان هەیە بۆ ئەم وڵاتانە: سپۆنسەرەکانی دەوڵەت بۆ تیرۆر”.

 

ئاماژەی بەوەشکرد:”کاردەکەم بۆ بڕینی بودجە و هاوکاری بۆ عێراق لە پڕۆژەیاسای داهاتووی تەرخانکردنەکاندا” لە بودجەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا.

 

هەروەها ویڵسن داوای لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کرد کە بانکی ڕافیدەین “سزا” بدات.

هەواڵی پەیوەندیدار

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە جێگیری ماوەتەوە

یاسین

خشتەی یارییەکانی یارییەکانی ئەمڕۆ چوارشەممە

یاسین

کاتی بلاو کردنەوەی یاری Assassin’s Creed shadows گۆرانکاری پێکرا

یاسین