عەزام حەمدانی، سەرکردە لە هاوپەیمانیی عەزم، ئاشکرای کرد کە هێزە سوننەکان لە چوارچێوەی “ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی”دا گەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی سەرۆکی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دەبێت یەکێک بێت لە سەرکردە دیارەکانی لایەن سیاسییەکانی سوننە.
عەزام حەمدانی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، تا ئێستا بە فەرمی گفتوگۆ لەسەر هیچ ناوێک بۆ ئەو پۆستە نەکراوە و ئەو دەنگۆیانەشی لە میدیاکان بڵاودەبنەوە دوورن لە ڕاستییەوە، جەختیشی کردەوە، کە مەرجی سەرەکی ئەوەیە کاندیدەکە خاوەن بڕیار و سەرکردەی فراکسیۆن بێت.
هەرچەندە کۆبوونەوەیەک لە ماڵی محەمەد حەلبوسی بەڕێوەچوو، بەڵام سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێزە سوننەکان یەکلاییکردنەوەی پرسی کاندیدی سەرۆکایەتی پەرلەمانیان دواخستووە بۆ دوای پەسەندکردنی ئەنجامە کۆتاییەکانی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای ئیتیحادییەوە.
جێگەی ئاماژەیە، هێزە سوننەکان کە خاوەنی 77 کورسین لە پەرلەمانی نوێ، هەفتەی ڕابردوو بە دەستپێشخەری خەمیس خەنجەر، دامەزراندنی “ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی”یان ڕاگەیاندرا، ئەمەش بەمەبەستی یەکخستنی هەڵوێستەکانیان لە دانوستانەکانی پێکهێنانی حکوومەتدا.

