zagros news agency

یەکەم کاروانی هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی گەیشتە چەمچەماڵ

 

سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕایگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی، تیمەکانیان بە هەشت بارهەڵگرەوە گەیشتوونەتە چەمچەماڵ و لە قۆناغی یەکەمدا خواردنی گەرم و پێداویستیی سەرەتایی دابەش دەکەن.

 

ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی کانوونی یەکەمی 2025، مووسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی دۆخی لافاوەکەی چەمچەماڵ و ناوچەکانی دیکە ڕایگەیاند: “هەر لە دوێنێ شەەوەوە و دوای ڕاسپاردنی دەزگاکەمان لەلایەن جەنابی سەرۆک بارزانییەوە، تیمەکانمان لە ئۆفیسەکانی کەرکووک، سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.”

مووسا ئەحمەد ئاشکرای کرد، تیمەکانیان بەیانیی ئەمڕۆ گەیشتوونەتە ناو چەمچەماڵ و دەستیان بە کارەکانیان کردووە.

 

سەبارەت بە قەبارەی هاوکارییەکان، وتی: “کاروانی یەکەم کە ئێستا بەڕێ دەکەوێت، بڕی 64 تۆن هاوکارییە لە 8 بارهەڵگردا، کە پێداویستییە هەنووکەییەکانی وەک بەتانی، دۆشەک، جلوبەرگ، ئاوی خواردنەوە و کەرەستەی پاککردنەوە لەخۆ دەگرێت.”

 

سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژەی بەوە دا، بەهۆی ئەوەی ئاو چووەتە ناو بەشێکی زۆری ماڵەکان و هاووڵاتییان ناتوانن خواردن دروست بکەن، بڕیاریان داوە مەتبەخی گەرم دابمەزرێنن. وتیشی: “تیمەکانمان لەگەڵ یەکە ئیدارییەکان لەسەر خەتن بۆ ئەوەی لەمڕۆوە لە چەمچەماڵ و ناحیەی ڕزگاری دەست بە دابەشکردنی خواردنی گەرم بکەن.”

 

سەبارەت بە قۆناغەکانی دیکەی هاوکاری، مووسا ئەحمەد ڕوونی کردەوە دوای دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان، لە قۆناغی دواتردا کار لەسەر دابینکردنی سۆپا، نەوت و فەرش و کەلوپەلی ناوماڵ دەکەن بۆ ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە.

 

ئاماژەی بەوەش کرد زۆرترین زیانەکان بەر قەزای چەمچەماڵ، ناحیەی تەکیە، ڕزگاری، کەلار و ناحیەی لەیلان لە سنووری کەرکووک کەوتووە.

 

لە کۆتاییدا مووسا ئەحمەد جەختی کردەوە کە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و یەکە ئیدارییەکان بەردەوام دەبن و وتی: “پەیامی ئێمە ئاخافتنێکی بارزگانی نەمرە  کە فەرموویەتی ‘شانازییە مرۆڤ خزمەتکاری میللەتی خۆی بێت’، لە هەمان کاتدا دروشمێکمان هەیە و بەردەوام ئەوەمان دووپات کردووەتەوە: تا خەڵک پێویستیان بە ئێمە بێت، لە خزمەتیاندا دەبین.”

هەواڵی پەیوەندیدار

راگەیاندنی پارتی پیرۆزبایی لە دەزگای موکریانی دەکات

سەڵاح

کۆریای باشوور؛ سێ وەرزشکاری ئێرانی بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی دەستگیر کران

یاسین

لە ئەنجامی بۆمبارانی فڕۆکەکانی تورکیا دوو کەس لە ئاکرێ شەهید بوون

سەڵاح