zagros news agency

یەکێتیی ئەوروپا: حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی نموونەییە

 

حکوومەتی هەرێمی کوردستان و یەکێتیی ئەوروپا هەنگاوی نوێ بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان دەنێن و بەرپرسێکی باڵای یەکێتییەکەش هەرێمی کوردستان بە “سەقامگیرترین ناوچەی عێراق” وەسف دەکات.

 

ڕۆژی ٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە یاوەری د. دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا، لە بەشی خزمەتگوزاریی کاروباری دەرەوەی ئەوروپا (EEAS) لە بڕۆکسل، لەگەڵ خاتوو (کاجسا هیلدور ئۆلۆنگرن)، نوێنەری تایبەتی یەکێتیی ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ کۆبووەوە.

 

لە دیدارەکەدا نوێنەری تایبەتی یەکێتیی ئەوروپا وێڕای پیرۆزبایی بەبۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ستایشی هەوڵە بنیاتنەرەکانی نێوان هەولێر و بەغدای کرد و حکومەتی هەرێمی بە “هاوبەشێکی نموونەیی” لەقەڵەم دا، هەروەها ئامادەیی خۆی بۆ فراوانکردنی هاوکارییەکان دەربڕی.

 

لای خۆیەوە د. دیندار زێباری تیشکی خستە سەر پێشکەوتنەکانی هەرێم لە بواری مافی مرۆڤ و بەهێزکردنی پێگەی ئافرەتان، ئاماژەی بەوە دا کە ئێستا ڕێژەی ئافرەتان لە پەرلەمان ٣٠٪ـە و زیاتر لە ٦٩ دادوەری ئافرەت و سەدان ئەفسەری ئافرەت لە ڕیزەکانی پۆلیسدان، جگە لە کاراکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی و پابەندبوون بە ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدان.

 

سەبارەت بە دۆسیەی تیرۆر و ئاوارەکان، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕوونیکردەوە کە هێشتا حکومەتی هەرێم میوانداری زیاتر لە ١٠٢ هەزار کوردی ئێزدی دەکات کە بەهۆی نەبوونی ئاسایش لە شنگال نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە، هەروەها باسی لە هەماهەنگییەکان کرد لەگەڵ تیمی (یونیتاد) کە تێیدا نزیکەی نیو ملیۆن بەڵگە لەسەر تاوانەکانی داعش پێشکەش کراوە.

 

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە ئاستەنگە ئەمنییەکان، هێرشی درۆن، مووشەک، مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەر و هێرش بۆ سەر ژێرخانی وزە کرا. د. دیندار زێباری جەختی لەوە کردەوە کە سەقامگیری حکومەتی هەرێم ڕاستەوخۆ بەشدارە لە ئاسایشی ناوچەکە و ئەوروپا، بەتایبەت لە ڕێگریکردن لە دزەکردنی توندڕەوی و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان.

 

لە کۆتاییدا، نوێنەری تایبەتی یەکێتیی ئەوروپا ئارەزووی خۆی بۆ سەردانیکردنی هەولێر و دروستکردنی میکانیزمێکی دیالۆگی تۆکمە لەنێوان هەردوولادا دەربڕی، بەمەبەستی زیاتر پێشخستنی هاوکارییەکان لە بوارەکانی مافی مرۆڤ و حوکمڕانیدا.

هەواڵی پەیوەندیدار

کەشناسی هەرێم: لەم ناوچەدا ئەگەری بارینی باران هەیە

سەڵاح

‎ئەمریکا هۆشداری بە هاووڵاتیانی دەدا: گەشت بۆ عێراق و ئەم 20 وڵاتە مەکەن

گوران

ئەو شوێنەی بەهۆی کەوتنە خوارەوەی پاشماوەی موشەکێک لە شەقامی 120 مەتری تێکچوو، چاک کرایەوە

سەڵاح