zagros news agency

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ پەرلەمانتاری یەکێتی ئەوروپا کۆبووەوە

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوی بە پەرلەمانتاری یەکێتی ئەوروپا بەرێز لیۆوکا ئۆرلاندۆ کەوت و باسیان لە دیموکراسی، سەقامگیری و هاوکاری هەرێمیان کرد.

 

لە ٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، ڕ ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دکتۆر دیندار زێباری، بە ئامادەبوونی نوێنەری حکومەتی هەرێم لە یەکێتی ئەوروپا د.دلاوەر ئاژگەیی، کۆبوونەوەیەکی گرنگیان لەگەڵ ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا لیۆلۆکا ئۆرلاندۆ ئەنجامدا، کە نیشاندەری پابەندبوونێکی هاوبەش بوو بۆ بەهێزکردنی حوکمڕانی دیموکراسی، پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، و سەقامگیری ناوچەکە.

 

پەرلەمانتاری یەکێتی ئەوروپا بەڕێز ئۆرلاندۆ، دانی خەباتی درێژخایەنی گەلی کورددا نا بۆ پاراستنی ماف و سەقامگیری، هەروەها پێشوازی لە دکتۆر دیندار زێباری و نوێنەری حکومەتی هەرێم لە یەکێتی ئەوروپا کرد، بە وەبیرهێنانەوەی هەماهەنگی دەیان ساڵەی خۆی لەگەڵ پرسەکانی کورد و هاوسۆزی گشتیی پالێرمۆ بۆ دۆزی کورد.

 

دکتۆر دیندار زێباری تێڕوانینێکی گشتی لەبارەی پێشکەوتنی دیموکراسی و گەشەپێدانی دامەزراوەیی هەرێمی کوردستان خستەڕوو، تیشکی خستە سەر شەش هەڵبژاردنی هەرێم و پێکهێنانی نۆ کابینەی حکومەت و زنجیرەیەک یاسای پاراستنی ئافرەتان و پێکهاتەکان و گروپە لاوازەکان. جەختی لە ڕۆڵی گرنگی هێزەکانی پێشمەرگە کردەوە لە هێڵی پێشەوە لە شکستپێهێنانی داعش و ڕزگارکردنی هەزاران ڕفێندراوی ئێزدی، هەروەها میوانداریکردنی دوو ملیۆن ئاوارە و پێشکەشکردنی هاوکارییەکی بەرفراوان بۆ هاوبەشە ئەمنییە نێودەوڵەتییەکان. هەروەها وردەکاری سەرکردایەتی مرۆیی هەرێمی لە میوانداریکردنی پەنابەرانی سوری، ئێرانی و فەلەستینی خستەڕوو، سەرەڕای ئەوەی کە وڵاتەکە نەچۆتە ناو پەیماننامەی پەنابەرانەوە.

 

لە گفتوگۆکاندا زیاتر باس لە ئاڵنگارییەکانی ئێستا و زیادبوونی دەستوەردانی میلیشیاکان، ناسەقامگیری ناوچەیی، هەڕەشەکانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە سنووربەزێنەکان، تەرخانکردنی بودجەی فیدراڵی، هەناردەکردنی نەوت و ئیدارەدانی خاک.

 

دکتۆر دیندار زێباری جەختی لە بەدواداچوونی بەردەوامی حکومەتی هەرێم کردەوە بۆ سەربەخۆیی دادوەری، چاکسازی لە کەرتی ئاسایش و دەستپێشخەرییەکانی ئاشتەوایی دوای ململانێ و ئەو سیاسەتانەی کە دەتوانن مۆدێلی بەنرخ پێشکەش بە وڵاتانی وەک سوریا و فەلەستین بکەن. ناوبراو پابەندی نەگۆڕی حکومەتی هەرێمی بە گفتوگۆ و ئیرادەی خۆی بۆ پاراستنی پێشکەوتنی دیموکراسی سەرەڕای فشارە سیاسی و ئەمنییەکان دووپاتکردەوە.

 

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، پەرلەمانتار ئۆرلاندۆ ستایشی هەرێمی کوردستانی کرد وەک نموونەیەک بە “وانەکان بۆ زۆرێک لە وڵاتان” و ئامادەیی خۆی بۆ بەرزکردنەوەی نوێنەرایەتی کورد لە چوارچێوەی پەرلەمانی ئەوروپا دەربڕی. پێشنیاری ئەوەی کرد کە ئاسانکاری بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ گروپە پەرلەمانییەکان بکات، و سەکۆ بۆ حکومەتی هەرێم دابین بکات بۆ ئەوەی دەستکەوت و ئەولەویەتەکانی هاوبەش بکات.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی مسر لە هەولێر دەکات

یاسین

بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی ئەنجوومەنی باڵای دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پرۆگرامەکان کۆبووەوە

یاسین

دوای چەند مانگێک و بۆ جاری دووەم ئیسرائیل رێگەی دا هاوکاری بگاتە باکوری غەزە

سەڵاح