بڕیارە سبەی دووشەممە، 15ـی کانوونی یەکەمی 2025، یەکەمین فێستیڤاڵی پەتاتە لە پارێزگای دهۆک بەڕێوەبچێت، بۆ ئەم مەبەستە ئامادەکارییەکان کراون و چەندان جووتیار بەشداری تێدا دەکەن.
ئەم فێستیڤاڵە بە هاوبشی لەگەڵ زانکۆی دهۆک و بە پاڵپشتیی کۆنسوڵخانەی هۆڵەندا بەڕێوەدەچێت. ماوەی سێ ڕۆژ دەخایەنێت و چەندان چالاکی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت.
کەرتی کشتوکاڵ لە پارێزگای دهۆک لە ساڵانی ڕابردوودا گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی وەزارەتی کشتوکاڵەوە پشتیوانیی جووتیارانی کردووە بۆ بە بازاڕکردنی بەرهەمەکانیان لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا، 126 ساردخانە بۆ هەڵگرتنی پەتاتە و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی دیکە لە دهۆک دروستکراون. بەرهەمی پەتاتەی دهۆک بە کوالێتی بەرز ناسراوە و ئەمەش وایکردووە بازرگانێکی زۆر ڕووی تێبکەن.
بەپێی ئامارەکان، بەرهەمی پەتاتە لە دهۆک لە ساڵی 2023 بە ڕێژەی 70% زیادی کردووە. لە ساڵی 2025، پێشبینی دەکرێت بەرهەمی پەتاتە بگاتە 600 هەزار تۆن. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە 48 هەزار هێکتار زەوی بە پەتاتە چێنراوە.
بەهۆی قەدەغەی هاوردەکردنەوە، بازاڕەکان ئێستا بە تەواوی پشت بە بەرهەمی ناوخۆ دەبەستن. دوای پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆ، پلان هەیە پەتاتە هەناردەی ئوردن، ئیمارات، قەتەر و باشووری عێراق بکرێت.

